ناوەرۆكی كۆبوونەوەی پارتی و ڕەوتی سەدر؛ یەكێتی و پارتی دەربارەی پێكهێنانی حكومەت لەسەر چی ڕێككەوتوون؟

04-01-2022 04:03
كۆبوونەوەی پارتی و ڕەوتی سەدر

پەرەگراف

وتەبێژی پارتی دیموكرات جەخت دەكاتەوە كە دەربارەی پۆستەكانی بەغدا لە حكومەتی نوێی عێراق، تاكو ئێستا پارتی و یەكێتی هیچ گفتوگۆیەكیان نەكردووە و ئەو پۆستانە لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی هەردوو لا یەكلا دەكرێنەوە، بەڵام لەسەر كارنامەیەكی هاوبەش ڕێككەوتوون و سبەینێش كۆبوونەوەی هەردوو حیزب بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كارنەمەیەكە بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ شاندێكی ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی حەسەن ئەلعەزاری سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبە كۆبوونەوە. بارەگای بارزانی دەڵێت "لە دیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دەرئەنجامەكانی ھەڵبژاردن و ھەنگاوەكان بۆ یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پێكھێنانی حكومەتی تازەی عێراق".

پاش كۆبوونەوەکەیش، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكرات دەربارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند "بڕیارە ڕۆژی 9/1/2022 یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێ‌ بكات، پێشتر هەندێك لێكتێگەیشتن (دەربارەی پێكهێنانی حكومەت) لە نێوان ئێمە و ڕەوتی سەدردا هەبووە، ماوەتەوە ئەو لێكتێگەیشتنانە بەكردەیی بكرێن".

سەبارەت بە هەماهەنگیی لایەنەكانی كوردستان بۆ یەكدەنگی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، وتەبێژی پارتی وتی "پێویستە لە ناوخۆی كوردستانیش گفتوگۆ بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی شاندی ئێمە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان دانیشتنیان هەیە".

مەحموود محەمەد ڕوونی كردەوە كە سبەی دوو لیژنەی پارتی كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی هەیە، كە لیژنەیەكیان تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، لەو ڕووەشەوە ئاماژەی بەوە كرد كە "ئەو بابەتانەی دەبێت كارنامەی لەسەر دروست بكەین، ئەوەیە كە ئێمە چ ڕوئیایەكمان هەیە بۆ داهاتووی ئەو كابینەیە، هەروەها ئەو مافانەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا هەیەتی، ئەو بابەتانەی لای خەڵكی كوردستان گرنگە لە كارنامەكەدا جێی بكرێتەوە".

سەبارەت بە بۆچوونی ڕەوتی سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەت، وتەبێژی پارتی وتی "ئەوان باسی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكەن، ئێمە پێمان باشە ئەو حكومەتە دەرگا و پەنجەرەكانی كراوە بن بۆ هەموو لایەنەكان و تێیدا بەشدار بن، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوەدان ئەو حیزبە براوانەی كە زۆرینەیان هێناوە، بەشدار بن لە حكومەت، باوەڕیشیان بەوە هەیە كە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزی نیشتمانی هەبێت".

مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوە كرد كە "پڕۆژەیەكی كارنامە (بۆ چۆنێتیی بەشداری لە حكومەتی عێراق) بە هاوبەشی لە نێوان پارتی و یەكێتی ئامادە كراوە"، بەڵام وەكو خۆی وتی "پێویستی بە نوێكردنەوەیە كە چۆن كارنامەكە بكەینە كارنامەیەكی كوردستانی، بۆ ئەوەی كە لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەكانی بەشدار لە حكومەتدا ئەو خاڵانەی زۆر لامان گرنگە جێبەجێ بكەین".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا سبەینێ‌ لە كۆبوونەوەی لیژنەكانی پارتی و یەكێتیدا گفتوگۆ دەربارەی پۆستەكانی بەغدا بە تایبەت پۆستی سەرۆككۆمار دەكرێت؟ وتەبێژی پارتی وتی "یەكلاكردنەوەی پۆستەكان پەیوەندیی بەو لیژنەیەوە نییە، بەڵكوو پۆستەكان لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی یەكلایی دەكرێنەوە".

"پێشتریش وتوومە و ئێستایش دەیڵێم: تاكوو ئێستا ڕووبەڕوو لەگەڵ یەكتری موناقەشەی ئەو پۆستانەمان نەكردووە"، وتەبێژی پارتی بەو شێوەیە جەختی كردەوە.