مردن بە كۆرۆنا لە ئێران زیاتر بەرزبووەوە؛ ژنێكی تەمەن 103 ساڵ بەسەر ڤایرۆسەكەدا سەركەوت

18-03-2020 07:21
ئەو ژنە تەمەن 103 ساڵەی چاكبووەتەوە


پەرەگراف

ژنێكی تەمەن 103 ساڵ لە ئێران كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە چاك بووەتەوەو بە تەندروستییەكی باشەوە گەڕاوەتەوە ماڵەوە، ئەوە لە كاتێكدایە ڕێژەی تووشبوون‌و مردن بەو ڤایرۆسە لە ئێران بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

دكتۆر نەوید دانایی، سەرۆكی زانكۆی پزیشكی پارێزگای سمنانی ئێران، دەڵێت، بارودۆخی ئەو ژنە بە تەمەنە زۆر باشەو دوای چاكبوونەوەی لە ڤایرۆسەكە، نەخۆشخانەی جێهێشتووە.

ئەو ژنە لە دایكبووی ساڵی 1917 یەو ماوەی هەفتەیەك بەهۆی كۆرۆناوە لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ كراوە.

بە پێی ئەو ئامارانەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی‌و ناوەندە تەندروستییەكان بڵاویان كردووەتەوە، كۆرۆنا زیاتر مەترسیی لەسەر كەسانی بەتەمەن‌و ئەوانە دروست دەكات كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.

ئێران ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت

كۆرۆنا تەنگی بە چەندین وڵات هەڵچنیوە لەسەر ئاستی دونیا، ئێران یەكەم وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و سێیەمە لە دونیادا كە كۆرۆنا زیانی زۆرترین قوربانیی مرۆیی لێداوە.

لەسەر ئاستی دونیا لە دوای چین، ئیتاڵیا دووەم وڵاتە كە زۆرترین تووشبوو و مردووی هەیە بە كۆرۆناو پاشان ئێران دێت لە ڕیزبەندییەكەدا، دۆخی ئەو دوو وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت بەهۆی كۆرۆناوە، ئێران كاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق‌و كوردستانیش هەیە.

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) 147 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە لە ئێران مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ ھەزارو 135 كەس، ئەمەش بەپێی دواین ئامار كە وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەمڕۆ ڕایگەیاند.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا ھەزارو 192 كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتە 17 ھەزارو 361 كەس، ھەروەھا تائێستا 5 ھەزارو 710 كەس چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.

ئامارەكان دەریدەخەن ئەمڕۆش ئێران لە ڕۆژی پێشووتر خراپتربووەو ڕێژەی مردن زیاتر بووە؛ دوێنێ 135 كەس بە كۆرۆنا مردن، بەڵام ئەمڕۆ بەرزبووەتەوە بۆ 147 كەس.

بەدەر لە جیاوازیی نێوان دوێنێ‌و ئەمڕۆ؛ ئێران ئامارەكانی هەموو ڕۆژێكی خراپتر بووە لە ڕۆژی پێشووتر لە ژمارەی مردن بە كۆرۆنا، ڤایرۆسەكە ئەو وڵاتەی ڕوبەڕوی دۆخێكی زۆر سەخت كردووەتەوە.

دۆخی ئێران كاریگەریی لەسەر عێراق‌و كوردستان هەیەو زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی لە كوردستان‌و عێراق تووشی كۆرۆنا بوون یاخود بەو ڤایرۆسە مردوون، لە ئێران گەڕاونەتەوە یاخود بەركەوتنیان هەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێك لەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە خۆیان بە تیمە تەندروستییەكان نە ناساندووە تا كەرەنتینە بكرێن.

ئێران سنورێكی فراوانی لەگەڵ عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیە، لەسەر ئاستی عێراق، سلێمانی فروانترین سنوری وشكانیی لەگەڵ ئێران هەیە، سلێمانی لەسەر ئاستی كوردستان زۆرترین تووشبووی كۆرۆنای هەیە‌و ئەمڕۆش تووشبوونی كچێكی تەمەن 5 ساڵان بە ڤایرۆسەكە ڕاگەیەندرا لە ناحیەی تەكیە.

بەگشتیی لە هەرێم 39 كەس تووشبوون‌و 9 كەس چاكبوونەتەوەو كەسێكیش گیانی لەدەستداوە. لە عێراقیشدا تائێستا 165 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون‌و 43 تووشبووش چاكبوونەتەوەو 12 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

هاوكات لەسەر ئاستی جیهان كۆرۆنا لە تەشەنەكردنی بەردەوامدایە بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا، مردن بە كۆرۆنا لە دونیادا 8 هەزارو 250 كەسی تێپەڕاندووەو تووشبووانیش لە سەرووی 209 هەزار كەسن.

تائێستا هیچ دەرمانێك وەك چارەسەر بۆ ڤایرۆسەكە نەدۆزراوەتەوەو هەندێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیا زەنگی مەترسییان لێداوەو دەڵێن ڤایرۆسەكە زۆر زیاتر تەشەنە دەكات، بەپێی دواین ئامارەكانیش تائێستا زیاتر لە 83 هەزار تووشبوو بە ڤایرۆسەكە لەدونیادا چاكبوونەتەوە كە زۆربەیان گەنجانن.

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ڤایرۆسی كۆرۆنای بە پەتایەكی جیهانیی ناساند، ئەوەش بە مانای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە بە سەرتاسەری دونیادا، ڕێكخراوەكە بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری نائاسایی لە دونیادا ڕاگەیاندووە بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆناوە.