
پەرەگراف
لە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی، ئەو دوو حیزبە ھاوڕابوون هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت.
ئەمڕۆ لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی دەستوور و هەڵبژاردن و کۆمسیۆن، لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە "هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت و ئامادەسازیی نیشتمانی پێویست بکرێت و تێگەیشتنی ھاوبەش لەسەر میکانیزمە یاسایی وسیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ھەبێت".
ھەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە "ھەردوولا کۆکبوون پێکەوە کار بۆ بەھێزکردنی متمانەی ھاووڵاتییان پەپڕۆسەی ھەڵبژاردن تۆکمە بکرێتەوە و پڕۆسەیەکی شەفاف و سەرکوتووبێت".
مانگی 9ی ساڵی داهاتوو چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك ئەنجام بدرێت.
هێشتا فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردنو كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕۆسەكە.
پێشتر هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند، كات كراوە نییە لەبەردەم فراكسیۆنەكان كە نەگەنە ڕێككەوتن، "چونكە دەبێت هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت، مانگی 9 یان 10ی ساڵی داهاتوو، دەبێت كۆمسیۆن پێش مانگی سێ كاراكرابێتەوە".
پارتی كە خاوەنی زۆرترین كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵئەوەدایە یاسای هەڵبژاردن وەكخۆی بمێنێتەوەو كوردستان یەك بازنەو هەڵبژاردن بە لیستی نیمچەكراوە بێت. ئەوەش پێچەوانەی ڕاوبۆچوونی نەوەی نوێ یە كە بەهێزترین لایەنی ئۆپۆزسیۆنە.
نەوەی نوێ داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنو چەند گۆڕانكارییەك دەكات لەوانە؛ دابەشكردنی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن، كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان، هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ و دوور لە پشكپشكێنەی حیزبی كە ئەنجومەنی كۆمسیارانەكەی 9 دادوەری بێلایەن بن.