شەش حیزب هەڵوێستی هاوبەشیان دەربارەی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن ڕاگەیاند

05-01-2022 07:35

پەرەگراف

شەش حیزب هەڵوێستی هاوبەشیان لەبارەی دەستوور، كۆمیسیۆن، هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردنەوە ڕاگەیاند. ئەو حیزبانە جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەنەوە.

ئەو حیزبانە پێكهاتوون لە بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان، حیزبی شیوعیی كوردستان.

ئەو حیزبانە دەڵێن "یاسای هەڵبژاردن، یاسایەكی گونجاوە بۆ واقیعی كوردستان و پێویستە وەك خۆی بمێنێتەوە و دەستكاری نەكرێت. پێویستە كۆمیسۆنی هەڵبژاردنیش لە كەسانی یاسایی و تەكنۆكرات پێك بێت و سەربەخۆ و پیشەییانە كارەكانی خۆی ڕایی بكات".

دەقی ڕاگەیەندراوی شەش حیزبەكە:

هەڵوێستی هاوبەش بۆ رایگشتی

رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 5/1/2022 شەش حزب و لایەنی سیاسیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبوونەوە، سەبارەت بە پرسی دەستور و یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكان گفتوگۆ كرا و، لەسەر كۆی پرسەكان هاوڕابوون و لەم خاڵانەی خوارەوەدا هەڵوێستی هاوبەش بۆ رای گشتی راگەیەندرا.

1-دەستوور: پرسی دەستوور پرسێكی نیشتمانییە و پێویستە لەم ساڵدا یەكلا بكرێتەوە و ببینە خاوەن دەستووری خۆمان و ساڵی 2022 بكەینە ساڵی دەستووری كوردستان.

2-هەڵبژاردن: جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی پێویستە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

3-یاسای هەڵبژاردن: یاسای هەڵبژاردن یاسایەكی گونجاوە بۆ واقیعی كوردستان و پێویستە وەك خۆی بمێنێتەوە و دەستكاری نەكرێت.

4-كۆمیسۆنی هەڵبژاردن: پێویستە كۆمیسۆنی هەڵبژاردن لە كەسانی یاسایی و تەكنۆكرات پێكبێت و سەربەخۆو پیشەییانە كارەكانی خۆی رایی بكات و سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن بكات.

1-بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان

2-حزبی زحمەتكێشانی كوردستان

3-حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

4-یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

5-پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان

6-حزبی شیوعی كوردستان

5/1/2022

هەولێر-كوردستان