
پەرەگراف
ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن كە جۆرێكی نوێی گۆڕاوی كۆرۆنایە، گەیشتە هەرێمی كوردستانو 5 حاڵەت لە دهۆك تۆمار كران.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پێنج ئەندامی یەک خێزان تووشی گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا (ئۆمیکرۆن) بوون. داوا لە هاووڵاتیان دەکەین پابەندی وەرگرتنی ڤاکسین و ڕێنماییەکان بن".
وەزیری تەندروستی وتی، ئەو 5 كەسە یەكێكیان لە گەشت گەڕاوەتەوەو ئەوانی دیكەشی تووشكردووەو "دۆخی تەندروستییان باشە"، وتیشی "گومان دەكەین لەناو كۆمەڵگە حالەتی زیاتر هەبێت".
ئۆمیكرۆن جۆرێكی نوێو گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، سەرەتا لە باشوری ئەفریقاوە سەریهەڵداو دواتر بە زۆر وڵاتی جیهاندا بڵاوبوەوە، وڵاتانی ناوچەكەو عێراقیش ڕایانگەیاندووە كە حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیكرۆنیان هەیە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی، تائێستا ٣٤%ی هاووڵاتیانی تەمەن سەروو ١٨ ساڵ ژەمی یەكەمی ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووەو ٢٥%یش ژەمی دووەمیان وەرگرتووە، ئەو مێرمنداڵانەشی كە لە سەرووی ١٢ ساڵن، ٢٥%یان ژەمی یەكەمیان وەرگرتووە و ١٩%شیان ژەمی دووەمیان وەرگرتووە.
حكومەتی هەرێم بەردەوام داوا دەكات خەڵك ڤاكسین وەربگرن، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەركەس ڤاكسینی وەرنەگرتبێت ڕێگەپێدراوی نییە سەردانی شوێنە گشتییەكان بكات، د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر دوێنێ بۆ پەرەگراف وتی "لە مانگی داهاتووەوە هەركەسێك خۆی نەكوتێت نەخۆشیش بێت ڕێگەی پێنادرێت بچێتە نەخۆشخانە".