ناڕەزایەتی بەردەوامە و دەیان خۆپیشاندەر كوژراون؛ لە كازاخستان چی دەگوزەرێت؟

06-01-2022 03:29

پەرەگراف

لە پێنجەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەكانی کازاخستان، پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند دەیان خۆپیشاندەر لە شاری ئالماتی كوژراون. وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتەیش برینداربوونی لایەنی كەم هەزار خۆپیشاندەری ڕاگەیاندووە. ڕووسیا و توركیا و چەندین وڵاتی دیكە هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ پاڵپشتیی حكومەتی كازاخستان.

خۆپیشاندنەكانی کازاخستان لە ناڕەزایەتی بەرانبەر نرخی گازی شلەوە سەری هەڵدا، بەڵام دواتر گۆڕا بۆ ناڕەزایەتیی سەراسەری بەرانبەر حكومەتی ئەو وڵاتە.

ڕووسیا و هاوپەیمانانی دیكەی دەڵەتی كازاخستان، ئامادەییان بۆ ناردنی هێز بۆ ئەو وڵاتە نیشان داوە. لەسەر داوای سەرۆككۆماری كازاخستانیش، هێزێكی سەربازی بە ڕابەرایەتیی ڕووسیا ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەكرێن بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكان.

شاری ئالماتی كە گەورەترین شاری كازاخستان و پایتەختی پێشووی ئەو وڵاتەیە، بووەتە چەقی ناڕەزایەتییەكان و زۆرینەی كوژراو و برندارانیش لەو شارەن.

سەرۆككۆماری كازاخستان دەڵێت، ناڕەزایەتییەكانی ئەو شارە لەلایەن "باندە تیرۆریستییەكان"ـەوە سەرپەرشتی و ئاراستە دەكرێن.

بەیانیی ئەمڕۆ هێزەكانی سوپا بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكان، چوونەتە گۆڕەپانی سەرەكیی شاری ئالماتی كە سەرەڕای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵاتدا، بەشێكی زۆر لە خۆپیشاندەران تێیدا ماونەتەوە. لەگەڵ نزیكبوونەوەشیان لە گۆڕەپانەكە، دەنگی تەقە بیستراوە.

پۆلیسی شاری ئالماتی ڕایگەیاندووە كە لە ئەنجامی پێكدادانەكانی شەوی ڕابردوو دەیان كەس گیانیان لەدەست داوە. بە قسەی پۆلیس، بەشێك لە خۆپیشاندەران كە پێشتر چەندین بینای حكومییان سووتاندووە، هەوڵیان داوە دەست بەسەر بنكەی پۆلیسشدا بگرن، بەو هۆیەوە هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لێ‌ كردوون.

دوێنێ‌ وەزارەتی ناوخۆی كازاخستان ڕایگەیاند كە هەشت ئەندامی هێزە ئەمنییەكان لە پێكدادانەكان لەگەڵ خۆپیشاندەران كوژراون، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی دیكە زانیارییەكی لەو شێوەیەی بڵاو نەكردووەتەوە.

هەندێك لە سەرچاوەكانی حكومەتی كازاخستان باس لەوە دەكەن كە خۆپیشاندەران چەكیان پێیە.

سەرۆككۆماری كازاخستان داوای لە ڕێكخراوی پەیمانی ئاسایشی كۆمەڵ كردووە كە لە ڕووسیا، ئەرمەنستان، بیلاڕووسیا، قیرغیزستان، تاجیكستان و كازاخستان خۆی پێك دێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "گرووپە تیرۆریستییە چەكدارەكان" هاوكاریی بكەن.

سەرۆكوەزیرانی ئەرمەنستان ڕایگەیاندووە كە هاوپەیمانییەكەیان بۆ "گێڕانەوەی ئاسایش" لە كازاخستان، هێز دەنێرێتە ئەو وڵاتە و بۆ ماوەیەك دەمێننەوە.

لە لایەكی دیكەوە ڕێكخراوی دەوڵەتە توركییەكان، پاڵپشتیی بۆ حكومەتی کازاخستان ڕاگەیاند و لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوەكە گرنگییەكی زۆر بە ئاشتی و سەقامگیریی كازاخستان دەدەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو وڵاتە دووپات دەكەنەوە".

ڕێكخراوی دەوڵەتە توركییەكان كە لە توركیا، ئازەربایجان، قرغیزستان، كازاخستان و ئۆزبەكستان پێك دێت و هەردوو وڵاتی توركمانستان و هەنگاریا تێیدا چاودێرن، دەشڵێت "پێمان وایە كە بەرپرسانی كازاخستان توانای ئەوەیان هەیە بەشێوەیەكی ئاشتییانە گرژییەكان چارەسەر بكەن و ئامادەیشین هەموو هاوكارییەك پێشكەشی گەل و حكوومەتی ئەو وڵاتە بكەین".

لەبارەی خۆپیشاندانەكانەوە، میدیای ڕووسیا دەڵێن "دەستی دەرەكیی لە پشتە"، كە مەبەستیان ئەمریكایە. هەروەها پێیان وایە ئەو دۆخەی هاتووەتە ئارا بۆ "بەئامانجگرتنی ڕووسیا"یە كە بڕیارە چەند ڕۆژێكی دیكە مۆسكۆ لەگەڵ هاوپەیمانیی ناتۆ كۆببێتەوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە نوێترین كاردانەوەدا دەڵێت "ئەوەی لە كازاخستان ڕوو دەدات، هەوڵێكی پشتیوانیكراوی دەرەكییە بۆ تێكدانی ئارامیی وڵات بە زەبری هێز".

لە بەرانبەر تۆمەتباركردنی وڵاتەكەی، جین ساكی، وتەبێژی كۆشكی سپی، ڕایگەیاند "ئەو تۆمەتانە، تەنها بانگەشەی ناڕاستن لە چوارچێوەی هەموو ئەو هەواڵە ناڕاست و چەواشەكارانەی كە بە درێژایی چەند ساڵی پێشوو دەستی پێ كردووە".

هاوكات لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لەسەرجەم لایەنەكان كردووە بگەنە دەرەنجامێك بۆ كۆتایی هێنان بەو دۆخە نەخوازراوەی لە كازاخستان دروست بووە.

كازاخستان كە سەردەمانێك یەكێك بوو لە كۆمارەكانی پێكهێنەری یەكێتیی سۆڤیەت، بە هەرەسهێنانی سۆڤیەت لە ساڵی 1990، سەربەخۆیی بەدەست هێنا. لەو كاتەوە تا ساڵی 2019، نوور سوڵتان نەزەربایف، بەڕاگەیاندنی بردنەوەی پێنج خولی هەڵبژاردن، سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتەی كردووە و حیزبەكەیشی زۆرترین كورسیی لە پەرلەماندا هەیە.