ئاسایشی هەولێر: پاسەوانێكی ڕێباز حەملان سیخوڕیی كردووە/ دەزگای زانیاریی‌و بنەماڵەكەی‌ وەڵام دەدەنەوە

19-03-2020 05:13


پەرەگراف

ئاسایشی هەولێر دەڵێت پاسەوانێكی ڕێباز حەملان وەزیری پێشووی داراییان دەستگیر كردووە كە لە ژێر سەرپەرشتی دەزگای زانیاریی(یەكێتی) سخوڕیی بۆ لایەنێكی بیانیی كردووە، بنەماڵەی ئەو كەسەو دەزگای زانیاریی وەڵامی ئاسایش دەدەنەوەو بەتووندی ئەوە ڕەت دەكەنەوە.

ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، پاسەوانێكی وەزیری دارایی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم(ڕێباز حەملان) لە كاتی ئەركی فەرمی خۆیدا لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێنمایی "دەزگای زانیاری" كاری سیخوریی ئەنجامداوە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێكی بیانیی لە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، وەزارەتی دارایی و خودی وەزیری دارایی ئەو كات.

بنەماڵەی ئەو پاسەوانەی پێشووی وەزیری دارایی، دوای ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایشی هەولێر بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوەو زانیارییەكانی ئاسایشیان ڕەتكردەوەو دەڵێن، "ئێمە وەكو بنەماڵەی رۆژگا رزگار رایدەگەیەنین كە وتەكانی ئاسایشی هەولێر دوورە لە ڕاستی و براكەی ئێمە ٥٨ رۆژ لەژێر ئەشكەنجەدابووە‌و لەكاتی بێهۆشیدا پەنجە مۆریان پێكردووە".

دواتریش دەزگای زانیاریی(یەكێتی) وەڵامی ئاسایشی هەولێری دایەوە بەتووندی ڕاگەیەندراوەكەیان ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت: ئەو بابەتەی ئاسایشی هەولێر‌، درۆ و دەلەسە و پیلان و شەڕی سیاسییە و هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نییە. دەزگای زانیاری نە ئەو كەسە دەناسن و،‌ نە بەهیچ لایەنێكی تری ناوخۆیی یان بیانییان ناساندوه و‌، نەكاری لەوجۆرەشیان لێدەوەشێتەوە. ئەوە ئاسایشەكەی هەولێرە كە لەو كارانە شارەزایە.

دەقی ڕوونكردنەوەیەكی ئاسایشی هەولێر بۆ ڕای گشتی

(رۆژگار رزگار محمد) پاسەوانی وەزیری دارایی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە. لە كاتی ئەركی فەرمی خۆیدا لە ژێر سەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای زانیاری كاری سیخوریی ئەنجامداوە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێكی بیانی لە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، وەزارەتی دارایی و خودی وەزیری دارایی ئەو كات. دوای ئەوەی بەڵگەی سەلمێنەر كەوتنە بەردەست، بە فەرمانی دادوەر دەستگیر كرا و دانی بە تەواوی كارە سیخورییەكانی دانا و تەواوی وردەكاری لە بەردەم دادوەری لێكۆلینەوەدایە.

راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
١٩-٣-٢٠٢٠

وەڵامەكەی بنەماڵەی رۆژگا رزگار بۆ ئاسایش گشتی ھەولێر

ئێمە لە خانەوادەی رۆژگار رزگار سەرلەبەری ئەو ھەواڵە ڕەتدەكەینەوە كە برای ئێمە جاسوسی كردبێت تەنیا تۆمەتێكی رێباز حەملان بوو كە چەندین حیزب و پەتپەتێنی حیزبایەتی كرد، دوای نۆ مانگ ئاسایش هاتە دەنگ، لەكاتێكدا نۆ مانگە براكەی ئێمە بێسەروشوێنە دوای ئەوەی لە میدیاو سۆسیال میدیا ئەوەمان بڵاوكردەوە كە براكەی ئێمە لەلایەن ئاسایشی پارتی بێسەرو شوێن كراوە، ئینجا دانیان بەوەنا كە براكەی ئێمە لەلایەن ئەوانەوە دەستگیركراوە.

ئێمە وەكو بنەماڵەی رۆژگا رزگار رایدەگەیەنین كە وتەكانی ئاسایشی هەولێر دوورە لە ڕاستی و براكەی ئێمە ٥٨ رۆژ لەژێر ئەشكەنجەدابووە‌و لەكاتی بێهۆشیدا پەنجەمۆریان پێكردووە، لە ماوەی نۆ مانگدا بۆچی نەیانوت سیخوڕە، خێرە ئێستا تۆمەتتان خستەپاڵی، دوای ئەوە ئێمە چیمان ھەیە لەم وڵاتەدا تا سیخوڕی بكەین تەنھا نەوت ئەویش بە ئاشكرا دەیفرۆشن.

بەڵام بە داخەوە برای من بۆ چركەیەكیش خیانەتی لەگەل و نیشتیمان نەكردوە تەنھا ساتێكیش شێخ لاھورو كەسانی دەزگای زانیاری نەدیوە.

ئەوەی لەم وڵاتەدا دەكرێت بە ئاسانی دەتوانرێ بكرێ بە جاسوس و بە تیرۆریست.

بنەماڵەی رۆژگار رزگار
19-3-2020

ڕوونكردنەوەكەی دەزگای زانیاریی

لەپێناو چەواشە‌كردنی رایگشتی و بۆ داپۆشینی شكستەكانی حكومەت، ئەمڕۆ ١٩ی ٣ی ٢٠٢٠، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە رونكردنەوەیەكدا، بڵاویكردۆتەوە گوایە كەسێك بەناوی (رۆژگار رزگار محەمەد) لەژێر سەرپەرەشتی دەزگای زانیاری، كاری كردووە بۆ لایەنێكی بیانی!

ئێمە لەم بوارانەدا، باش دەزانین كە یەكێتی و (دەزگای زانیاری)، بوختانی وا هەڵناگرێت. ئەم كارانە ئەگەر بكرێن، ئەوا لە خودی‌ نوسەرانی رونكردنەوەكەی ئاسایش‌ دەوەشێتەوە. بۆیە نە ئاسایش و نە پاراستنی پارتی، بە شایانی وەڵامدانەوە نازانین، چونكە تازە هەموو خەڵكی كوردستانیش شارەزای گوفتار و كرداری نابەجێیانن. بەڵام كەسی یەكەمی حكومەتی هەرێم بەرپرسیار دەكەین‌ لەم پەلامارەی بۆ سەر ناوبانگی دەزگاكەمان، دەستی دراوەتێ. لەبەرئەوەی ناوبراو‌ تا ئێستا و بەنایاسایی سەرپەرشتیاری دەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگری هەرێمشە، بەمافی دەزگاكەمانی دەزانین كە راستەوخۆ سكاڵای یاسایی لەسەر ئەم‌ و، هەر كەسێكی تر تۆمار بكەین كە بێ بەڵگەی باوەڕپێكراو، هەوڵی لەكەداركردنی پیرۆزییەكانی گەلەكەمان بدات. بۆ رای گشتی خەڵكی كوردستانیش چەند خاڵێك رادەگەیەنین:

١. ئێمە بە هەموو شێوەیەك ناوەڕۆكی رونكردنەوەكەی ئاسایشی هەولێر لەسەر (دەزگای زانیاری) رەتدەكەینەوە. ئەو بابەتەی ئاسایشی هەولێر‌، درۆ و دەلەسە و پیلان و شەڕی سیاسییە و هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نییە. دەزگای زانیاری نە ئەو كەسە دەناسن و،‌ نە بەهیچ لایەنێكی تری ناوخۆیی یان بیانییان ناساندوه و‌، نەكاری لەوجۆرەشیان لێدەوەشێتەوە. ئەوە ئاسایشەكەی هەولێرە كە لەو كارانە شارەزایە. ئەوانن هەمو جارێك، لەكاتی قەیرانێكدا، بابەتێك دروست دەكەن، لە ژێر ئەشكەنجە، سیناریۆ و دانپێدانانی جیاجیایان پێ بەرهەم دەهێنن و، خەڵكی بێ تاوان وەكو تاوانبار دەخەنە سەر تەلەڤزیۆن.‌ لەمەشدا بە دووری نازانین، بۆ سەرقاڵكردنی خەڵك و بیربردنەوەی قەیرانی حوكمڕانیی و هەوڵە نهێنییەكان بۆ پاشەكەوتكردنەوەی مووچە، سیناریۆكانی سەردەشت عوسمان و قوربانییەكانی تر، دووبارە بكەنەوە. روونكردنەوەی بنەماڵەی (رۆژگار رزگار)یش، كە پاش رونكردنەوەكەی ئاسایش بڵاویان كردۆتەوە، هەمان بۆچوون پشتڕاست دەكاتەوە.

٢. ئاژاسی زانیاری، لەچوارچێوەی (ئاژانسی پاراستن و زانیاری \ زانیاری) هەرێمی كوردستان دا، دەزگایەكی فەرمی هەرێمی كوردستانە و سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشە، كە خودی مەسرور بارزانی ماوەیەك راستەوخۆ سەرپەرەشتیاری بووە. بۆیە هەر جوڵەیەك كرابێت، دیارە (مەسرور بارزانی) ئاگاداری بووە. ئەگەریش ئاگادار نەبووبێت، هەڵبەت ناوبراو، شایستەی ئەو پۆستە نەبوە و نەیتوانیووە ئاگاداری كاروباری رۆژانەی دامەزراوەكانی بێت.

٣. ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد ئاسایشەكەی سەرۆكی حكومەت لەم كاتەدا، لەجیاتی چەواشەكردن، بەدواداچوونی كردبا بۆ ئەو (٢٥٠) ملیۆن دۆلارەی كە قووتی میللەتەكەمانە و لەلایەن كۆمپانیایەكی وزەی روسیاوه، بە بەرتیل دراوە بە یەكێك لە كوڕەكانی بنەماڵەی سەرۆكی حكومەت. لەم دۆخە ناخۆشەدا، كە بەناوی دابەزینی نرخی نەوت و هەڕەشەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەسەر خەڵكی كوردستان، خەریكە مووچەی مووچەخۆرانمان‌ دەخەنە ژێر هەڕەشەی شەپۆلێكی تری بڕین و برسێتی،‌ پێویستبوو ئاسایشی هەولێر، ناوی ئەو كوڕە ئاشكرا بكات كە (٢٥٠) ملیۆن دۆلار بەرتیلی وەرگرتوە تا غاز و نەوتی كوردستان و ناوچەی دەسەڵاتی ئیدارەی سلێمانی، بۆ كۆمپانیایەكی بیانی هەڕاج بكات. ناوی ئەو كەسەی بەرتیلەكەی وەرگرتوە، لای ئێمە پارێزراوە و، ئەگەر بێدەنگییمان لێ كردوە، بۆ ئەوەیە خەڵكی كوردستان لەمەزیاتر بە هەواڵی ناخۆش نیگەران نەكرێن، و دەرفەتێكیش بدرێت بە ئاسایشی هەولێر ناوەكە ئاشكرا بكات. لەم كاتی قاتوقڕییەدا، لەجیاتی تۆمەت دروستكردن بۆ (دەزگای زانیاری)، ئەركی ئاسایشی سەرۆكی حكومەتە بە خەڵكی كوردستان بڵێت ئەو (٢٥٠) ملیۆن دۆلارە لای كێیە.

٤. ئێمە لە (دەزگای زانیاری)، لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵكی كوردستان، گوێمان بە هەڵوێست و كەمتەرخەمییەكانی ئاسایشی هەولێر نەداوە و، هەركات هەڕەشە و مەترسیمان لەسەر پایتەختی كوردستان درك پێ كردبێت، ئاگادارمان كردوون. بەڵگەمان هەیە كە چەندین جار زانیاری گرنگمان پێداون لەسەر بوونی كردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوە لە هەولێر، و هەموو جارێك بەهۆی ئەو زانیارییانە، كە بەشەونخوونیی تێكۆشەرانی (دەزگای زانیاری) بەدەستهاتوون، هەولێر و ئاسایشەكەی پارێزراوە. بەداخەوە، جارێكیش كە هۆشدارییەكەی ئێمەیان لەسەر بوونی كردەوەیەك بە هەند وەرنەگرت، كارەسات روویدا. وێڕای ئەم ڕاستیانە، هیچ كات ئاسایشەكەی سەرۆكی حكومەت، ماندونەبوونێكیشی لێ نەكردین.

٥. دەزگای زانیاری لە مێژووی درەوشاوەی خۆی دا،‌ سەدان شەهید و قوربانیی داوە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامیی خەڵك و هەرێمی كوردستان. لەبیری سەرۆكی حكومەتدا ماوە‌ ئەو شەوەی داعش لە هەولێر نزیك بۆوە، سەرۆكی دەزگای زانیاری‌ هاتە هەولێر و دڵنەوایی كاك مەسروری دایەوە و وتی "مەترسن ئێمە پارێزگاریتان لێ دەكەین". وەڵامی ئەو پارێزگارییە ئەوە نەبوو، ئێستا تۆمەتمان بۆ دروست بكەن!

٦. بۆ ئاگاداریی خەڵكی بەشەرەفی كوردستان، هەموو كادر و كارمەندانی (دەزگای زانیاری) و (دەزگای دژە تیرۆر)، لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەڕەچاوكردنی پێویستییەكانی هەرێمی كوردستان لەبواری تەندروستی، لە مانگی رابردووەوە‌، نیوەی موچەی خۆیان بەخشیوە بە كاری خێرخوازی بۆ بیناكردنی نەخۆشخانە و پێداویستییەكانی و، (رێكخراوی مام)، بێ جیاوازی لە ناو هەرێمی كوردستان و كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەرقاڵی دابینكردنی پێداویستییەكانن بۆ خەڵكی كوردستان.

٧. دوای ئەم پەلامارە ناوەختە، ئیتر‌ ئێستا بە روونی دەركەوت‌، كە وەكچۆن خودی سەرۆكی حكومەت، حكومەتێكی فاشیل بەڕێوە دەبات،‌ دامودەزگاكانیشی كە لەرابردو سەربەئەو بوون، خەڵكانێكی فاشیل بەڕێوەی دەبەن كە هیچ هەستێكی بەرپرسیارێتییان نییە و تاكە ئینتمایەك كە هەیانبێت تەنها ئینتمایە بۆ بنەماڵە، ئەوانەش كە نەچوونەتە ژێر باری بنەماڵە، لە بوارەكەی خۆیاندا چەند بەزر و دڵسۆز و شارەزاش بووبن، دووریان خستونەتەوە، كە ئێمە بە توندی ئەم‌ رفتار و شێوازی كاركردنە رەتدەكەینەوە و قبوڵی ناكەین.

وتەبێژێك بەناوی دەزگای زانیاری
١٩ ی ٣ی ٢٠٢٠