سەدر بە ئاماژە پێكهێنەرانی حكومەت ئاشكرا دەكات؛ چوارچێوەی هەماهەنگى بانگەوازێك ئاراستەی لایەنەكان دەكات

07-01-2022 11:33

پەرەگراف

موقتەدا سەدر لە تویتێكدا و بە بەكارهێنانی زمانی ئاماژە، ئەو لایەنانە ئاشكرا دەكات كە لێیەوە نزیكن بۆ پێكهێنانی حكومەت. جەختیش دەكاتەوە دەبێت "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی" بێت. هاوكات چوارچێوەی هەماهەنگی بانگەوازێك ئاراستەی پەرلەمانتاران و سەدر دەكات بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی.

موقتەدا سەدر، لە هەژماری خۆی لە تویتەر دەڵێت "ویستی گەلی ئازاد لە سەرووی هەموو گوشارە دەرەكییە ڕۆژئاواییەكان و ڕۆژهەڵاتییەكانەوەیە. ویستی گەل بریتییە لە حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی و هیچ گوشارێكی دەرەكی لەوە پەشیمانمان ناكاتەوە".

سەدر جەخت دەكاتەوە كە "هەر هەڕەشەیەكیش سوورتر (تەسمیم) و پێشكەوتووتر (تەقەدوم) و پێداگیرتر (عەزم)مان دەكات بە ئاراستەی دیموكراسییەك (دیموكراتی)ی عێراقیی ڕەسەن و ئازاد و بێگەرد".

"بۆیە دەبێ ئەوان لەوە تێبگەن كە بەهێزیی (مەزهەب) لە بەهێزیی عێراق و پێكهاتەكان و نەتەوەكانی سەرچاوەی گرتووە، بۆیە هەر دەستبردنێك بۆ ناوبانگی مەزهەب و ناوبانگی بەرگری لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی هەڕەشە و توندووتیژییەوە، سوودی نابێت، چونكە ئێمە یەكەم شیعە بووین كە بەرگریمان كرد، كاتێك هەمووان لە بەردەم داگیركەردا نواندنیان دەكرد یان بەرگرییان لە داگیركەر دەكرد"، ڕێبەری ڕەوتی سەدر وا دەڵێت.

موقتەدا سەدر لە تویتەكەیدا دەڵێت "بۆیە لە خودا بترسن و چاكە بكەن و كارتەكان تێكەڵ مەكەن، چونكە ئێمە ویستی سیاسیمان نییە، بەڵكوو هەموو خەممان نیشتمان (وەتەن)ـە، خۆشەویستیی نیشتمانیش بەشێكە لە باوەڕداری".

سەدر لە تویتەكەیدا وشەكانی (تەسمیم، تەقەدوم، عەزم، دیموكراتی و نیشتمان)ی بەكار هێناوە و بە مەبەست ئەو وشانەی خستووەتە ناو كەوانەوە، كە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ژمارەیەك هاوپەیمانی و لایەنی براوەی هەڵبژاردن كە پێكهاتوون لە (هاوپەیمانیی تەسمیم، هاوپەیمانیی تەقەدوم، هاوپەیمانیی عەزم، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان).

هەر ئەمڕۆیش چوارچێوەی هەماهەنگی كە لەلایەنە شیعییە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن پێكهاتووە، كۆبووەتەوە و تاوتوێی هەردوو پرسی (گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق)ی كردووە.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت لە كۆبوونەوەكەدا "هەریەك لە لایەنەكان پابەندبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە بە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری" لەبارەی ئەو پرسانەوە.

"بانگەوازمان بۆ سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نوێ‌ دەكەینەوە، بە تایبەتیش كوتلەی سەدر، بۆ ئەوەی گەورەترین كوتلە دروست بكەین بەپێی دەستوور و بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی"، چوارچێوەی هەماهەنگی وا دەڵێت.

بڕیارە دوو سبەی یەكشەممە 9-1-2022، یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت.