حیزبەکانی ڕۆژھەڵات لە دژی ھەڵوێستەکەی ھەڤاڵ ئەبوبەکر لە ساڵیادی قاسم سلێمانی دا ھاتنەدەنگ و داوادەکەن: دووبارە نەبێتەوە

08-01-2022 12:03

پەرەگراف

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، دژایەتییان بۆ ھەڵوێست و پێداھەڵگووتنەکانی ھەڤاڵ ئەبوبەکر بە قاسم سلێمانی دا ڕاگەیاند.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژھەڵات، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت " بەو هیوایەی کە لە داهاتوودا هەڵوێستی لەو چەشنە دووپات نەبێتەوەو هەست و بیری کوردانی ڕۆژهەڵات چی دیکە بریندار نەکرێ و تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە هیچ شتێک ناتوانێ کەلێن بخاتە نێوان پێوەندیی نەتەوایەتیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان".

ھەڵوێستی حیزبەکانی ڕۆژھەڵات دوای ئەوەدێت، ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە مەراسیمی دوو ساڵەی کوژرانی قاسم سلێمانی دا لە سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد کە سەرباری پێداھەڵگووتن و بە "شەھید و سەروەر و سەردار" ناوبردنی قاسم سلێمانی، وتیشی "پێشنیار دەکەم ئەم ڕۆژە ببێتە ڕۆژی ئاشتی و دیالۆگی نێودەوڵەتیی و هەرەوەزی مرۆڤایەتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕو ناکۆکییە ناوخۆیی وناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان".

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژھەڵات، دەشڵێت "دەخوازین ئەو جۆرە کۆبوونەوە و لێدوانانەی کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمیکوردستان کار نەکەنە سەر پێوەندیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان. بەدڵنیاییەوە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران حیسابی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەو جۆرە ڕوانگە و بۆچوونانەی ئەو بەشە لە کاربەدەستانی هەرێم و هێندێک لە سیاسییەکانی باشوور لێک جیا دەکاتەوە".

دەقی پەیامی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان 

(پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قاسم سولێمانی لە شاری سلێمانی)

کۆنسولگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی بەفرانبار (٦/١/٢٠٢٢) ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی یادی دوو ساڵەی کوژرانی پاسدار قاسم سولەیمانی لە تەلاری هونەری ئەم شارەدا پێک‌هێنا. لەم کۆڕەدا هەڤال ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکێش کرد و پێشنیاری کرد کە ڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی بکرێ بە "ڕۆژی جیهانیی ئاشتی و دیالۆگی گەردوونی". لەپێوەندی لەگەڵ ئەوەدا کە کاربەدەستێکی پایەبەرزی هەرێمی کوردستان داوا دەکا ڕۆژی کوژرانی کەسێکی وەک قاسم سولەیمانی بکرێ بەڕۆژی ئاشتیی جیهانی، و لەبەر ئەوەی پێشتریش چەند جاری دیکە و لە زمانی بەرپرسە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵوێستیلەو چەشنە بینراون، چەند سەرنجێک دەخەینە ڕوو:

پێش هەموو شتێک جووڵانەوەی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوونی پێوەندیی سیاسی، دیپلۆماسی و بازرگانیی هەرێمیکوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شتێکی ئاسایی دەزانێ و هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ ئەوجۆرە پێوەندییانە نییە و نەشبووە. حیزبەسیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە بە خەمی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بوون و بزووتنەوەی کورد لە ئێران بۆپاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێم باج و تێچووی زۆر و قورسیشی داوە کە ئەمە هەست بە بەرپرسایەتیی سیاسی، نەتەوەیی و مێژووییحیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمبەر داهاتوو و چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی دوو بەشیباشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵاوییەکی مێژوویی و پێوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پتەو و دوورودرێژیان لەگەڵ یەکتر هەیە و ئەوپێوەندییە دیرۆکییە لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ئەو دوو بەشە لە کوردستانیش هەر بەو شێوەیە بووە. پێشمەرگە دێرینەکانەکانی هێزەسیاسییەکانی هەردووبەش دەزانن کە لە زۆر کات و بڕگەی مێژوویی و لەپێناو ئامانجی هاوبەشدا کورد گوتەنی خوێنیشمان تێکەڵی یەکتربووە، لە ڕۆژە ناخۆشەکانی مێژووشدا خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵات لەپشتی یەکتری بوون و ئەو هاوپێوەندی و هاوچارەنووسییە لە مێژووینەتەوایەتیماندا ڕەگاژۆی کردوە.

لە پێوەندی لەگەڵ قاسم سولەیمانی و دەورونەخشی ئەو کاربەدەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا دەڵێین:

ناوبراو فەرماندەیەکی سەربازیی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران بووە و ئەوە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە دەبێ لەسەر جێگە وپێگەی ئەو بدوێن و قەزاوەت لەسەر ئاکار و کردەوەکانی بکەن، وەک چۆن ئێمەش ئەو ئیزنە بە خۆمان نادەین قەزاوەت لەسەر کاربەدەستێکیئێستا و پێشووی عێڕاق بکەین، بەتایبەت هەرگیز ڕێگەش بە خۆمان نادەین پەسنی هیچ دەسەڵاتدارێک بدەین کە لە یەکێک لە بەشەکانیکوردستان‌دا دەستی بە خوێنی ڕۆڵەی کورد سوور بووبێ. جیا لەوە کارنامەی قاسم سولەیمانی وەک فەرماندەی هێزەکانی قودس کە باڵیسەربازیی رێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتەیە، بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە. قاسم سولەیمانی ڕووی لە هەرکوێ کردبێ، کوشتار،کارەسات، وێرانی و کاولکاریی لەگەڵ خۆی بردوە. قەیرانە نێوخۆییەکانی سووریە، لوبنان، یەمەن و عێڕاق و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتینێوەڕاست ئاکامی ڕاستەوخۆی کاریگەری و حزوور و سیاسەت و کردەوەکانی قاسم سولەیمانین. هەروەها هێرشی مووشەکیی کۆماریئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک شاری کۆیە لە قووڵایی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٧یخەرمانانی ١٣٩٧ (٨ی سێپتامبری ٢٠١٨) کە لەودا ١٦ پێشمەرگە و کادری ڕێبەریی حیزبی دێموکرات شەهید بوون، لەگەڵ چەندین جارهەڕەشەی ئەمنییەتی لەسەر بارەگاکانی کۆمەڵە بەهۆی ئەوەی کە ئەو عەمەلیاتە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەکرا، دەبوا قاسمسولەیمانی بڕیاری لەسەر دابا و فەرمانی ئەوی لەپشت بوو. هەروەها پێشتریش تێرۆری سەدان تێکۆشەری کوردی حیزبە سیاسییەکانیڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بە بڕیاری سپای قودس جێبەجێ کراون کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی گشتیی ئەوسپایە بوو. لەبیرمان نەچێ کە قاسم سولەیمانی هەر بەپێی بەڵگە و داناننانی زۆر مێدیا و دامەزراوە و ئاشکراکردنی حیزبی سیاسی لەعێڕاق، ڕۆڵی فەرماندەیی و بڕیاردانی لە زۆر جووڵە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشداهەبووە. بۆیە هەرچەشنە پێداهەڵگوتن و ڕێزلێنانێکی کاربەدەستانی باشوور لە قاسم سولەیمانی، دەستخۆشانەی هاوزمان وهاونەتەوەکانمانە بۆ ئەو خوێنانەی سولەیمانی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕشتوونی.

قاسم سولەیمانی لە لیستی ڕەشی سزاکانی ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دا بوو. کاتێکیش کەکوژرا لە ئەمریکا بە دێموکرات و کۆماریخوازەوە و، لە ئورووپاش کەس پرسیار و گومانی نەخستە سەر دروستیی ئەو بڕیارەی کۆشکی سپیکە بۆ لێدان لە ناوبراو دابووی.

ئێمە دەخوازین ئەو جۆرە کۆبوونەوە و لێدوانانەی کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار نەکەنە سەر پێوەندیی کوردەکانیڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان. بەدڵنیاییەوە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران حیسابی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەوجۆرە ڕوانگە و بۆچوونانەی ئەو بەشە لە کاربەدەستانی هەرێم و هێندێک لە سیاسییەکانی باشوور لێک جیا دەکاتەوە. بۆیە جارێکی دیکە پێلەسەر ئەوە دادەگرینەوە: قاسم سولەیمانی کاربەدەستێکی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە پلەکانی سەرکەوتنی بە جینایەت وکومەڵکوژی لە کوردستان‌ڕا دەست پێ کردبوو و دواتریش سیاسەت و بڕیارەکانی ناوبراو کاریگەریی ڕاستەوخۆی زۆر کارەساتباری لەسەرژیان و ئەمنییەتی خەڵکی ئێران هەبوو. بۆیە ئەوە خەڵکی ئێرانن کە دەبێ قەزاوەت لەسەر ناوبراو بکەن و هەروەک چۆن بینیمان کە لە چەندڕۆژی ڕابردوودا لە "شهر کرد"ی پارێزگای "چوار مەحاڵ و بەختیاری" خەڵک پەیکەری قاسم سولەیمانیان پاش چەند سەعات لە دانانی لەناوەندی شاردا ئاگر دا.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین کە هەرێمی کوردستان هەموو کات ناوەندی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی و بەرخۆدان و سەرهەڵدان بووە و ئەم جۆرەڕێوڕەسم و کۆڕوکۆبوونەوانە پرسیار لەسەر پرسە گەورەکەی کورد دروست دەکا و لە هەمان کاتیشدا تۆوی ناهۆمێدی لە دڵی خەڵکیکوردستاندا دەچێنێ و خەڵکی کوردستان ئەمە بە جۆرێک بە پشت‌تێکردن لە ئاڕمانە نەتەوەییەکانی کورد لێک دەدەنەوە.

بەو هیوایەی کە لە داهاتوودا هەڵوێستی لەو چەشنە دووپات نەبێتەوە و هەست و بیری کوردانی ڕۆژهەڵات چی دیکە بریندار نەکرێ و تەنیالەو حاڵەتەدایە کە هیچ شتێک ناتوانێ کەلێن بخاتە نێوان پێوەندیی نەتەوایەتیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان.

 

 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

17ی بەفرانباری ١٤٠٠