سەرچاوەیەکی یەکێتی لە بەغداد: پارتی ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕەوتی سەدرو سوننەکان واژۆ کرد

09-01-2022 12:39
کۆبوونەوەی شاندە ھاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی لە بەغداد لەگەڵ عەممار حەکیم

پەرەگراف 

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی نیشتمانی لە بەغداد کە ئاگاداری گفتوگۆکانە بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، پارتی تاکلایەنە ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕەوتی سەدرو سوننەکان واژۆکرد بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکھێنانی حکومەت، بەوە وەفدە ھاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی لە بەغداد "ھەڵوەشایەوە".

"پارتی خۆی یەکلاییکردەوەو ڕێککەوتنی لەگەڵ سەدرو حەلبووسی واژۆکرد بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکھێنانی حکومەت، بەڵام یەکێتی ھێشتا نەچووەتە ھیچ ڕێککەوتنێک و نایەوێت ببێت بە بەشێک لە ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعەو ڕێککەوتن لەگەڵ ھیچ لایەنێک بکات" سەرچاوەکە وای وت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "یەکێتی داوای لە پارتی کرد نەچێتە ڕێککەوتن لەگەڵ ھیچ لایەنێکی شیعیی، بەڵام پارتی ئەمشەو ڕێککەوتنەکەی واژۆکرد".

ھەرچەندە پارتی و یەکێتی بە شاندێکی ھاوبەش چوونەتە بەغدادو ئەمڕۆ پێکەوە مانۆڕی گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کرد، بەڵام سوننەکان ئەمڕۆ ھاتنە لای مەسعود بارزانی بۆ کوردستان، ئەمشەویش بافڵ تاڵەبانی گەیشتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.

سبەینێ یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کارنامەی دانیشتنەکەدایە، سوننەکان کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان بەردەکەوێت لەسەر کاندیدێک ڕێککەوتن.

ھاوپەیمانیی تەقەدوم و عەزم کە نوێنەرایەتیی زۆرینەی سوننە دەکەن ئەمشو کۆبوونەوە، بەکۆی دەنگ خەمیس خەنجەر بە سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیان هەڵبژێردراو محەمەد حەلبووسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کاندید کرایەوە.

شیعەکان لەناوخۆیاندا ڕێکنەکەوتوون و سەدر سوورە لەسەر حکومەتی زۆرینە، ئەوەش پێچەوانەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەیە.

پارتی و یەکێتی نیەتیان لێ ھێناوە بەشداریی لە حکومەتی عێراق بکەن، بەڵام ڕێککەوتنی ناوخۆییان نییە لەسەر ئەو پۆستانەی پشکی کوردن.

نەوەی نوێ کە سێیەم بەھێزترین ھێزی کوردییە لە پەرلەمانی عێراق، ھاوپەیمانیی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیمتیداد و ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ پێکھێناوەو دەبنە ئۆپۆزسیۆن.