یەكڕیزیی پارتی و یەكێتی لە بەغدا هەنگاوێك بڕی نەكرد

09-01-2022 09:45

پەرەگراف

پارتی و یەكێتی پێچەوانەی بانگەشەكانی ڕۆژانی ڕابردوویان سەبارەت بە یەكڕیزی لە بەغدا، لە یەكەم هەنگاوی سیاسیدا كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بوو، بەسەر دوو بەرەكەی شیعەدا دابەش بوون، پارتی لەگەڵ سەدر ڕێكەوتنی كرد و یەكێتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی هاوهەڵوێست بوو. و تەنانەت دەنگی بە كاندیدەكەی پارتیش نەدا بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان.

بەپێی ڕێكەوتنێك كە پەرەگراف یەكەم میدیا بوو شەوی ڕابردوو ئاشكرای كرد، پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سوننەكان، پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش كرد، سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەكان، جێگری یەكەم بۆ ڕەوتی سەدر و جێگری دووەم بۆ پارتی. لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانیشدا ڕێككەوتنەكە جێبەجێ كرا.

لە دانیشتنەكەدا كە هێشتا بەردەوامە، محەمەد حەلبووسی وەكوو تاكە كاندیدی سوننەكان، بۆ جاری دووەم بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ حاكم زاملی، كاندیدی ڕەوتی سەدر بوو، جێگری دووەمیش كە بەركەوتەی پارتییە، بڕیارە بۆ شاخەوان عەبدوڵڵا بێت.

هاوكات یەكێتی كە بانگەشەی ئەوە دەكات "نەچووەتە ھیچ ڕێككەوتنێك و نایەوێت ببێت بە بەشێك لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە"، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان هاوهەڵوێست بوو، هەردووكیان بایكۆتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیان كرد.

دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری یەكێتی لە بەغدا، بۆ پەرەگراف وتی "نەمانویست ببینە لایەنگری هیچ لایەكی ناوماڵی شیعی، بۆیە بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانیشمان نەكرد".

بەم شێوەیە لە یەكەم هەنگاودا كە هەڵبژاردنی كاندیدێكی پارتی بوو بۆ پۆستی جێگری دووەمی پەرلەمانی عێراق، یەكێتی بەشداریی نەكرد و دەنگی نەدا.

ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی كە عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتییان لەنێودا بوو، سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان گفتوگۆیان كرد. پێشتریش پارتی و یەكێتی لە هەرێمی كوردستان چەندین كۆبوونەوەیان كردووە بۆ هاوهەڵوێستی لە بەغدا.

هەر شەوی ڕابردوو پاش دانوستانەكانی شاندە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی، پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتییەوە ئاشكرای كرد كە "پارتی خۆی یەكلایی كردەوە و ڕێككەوتنی لەگەڵ سەدر و حەلبووسی واژوو كرد بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پێكھێنانی حكومەت".

ئەو سەرچاوە باڵایەی یەكێتی وتیشی "یەكێتی داوای لە پارتی كرد نەچێتە ڕێككەوتن لەگەڵ ھیچ لایەنێكی شیعی، بەڵام پارتی ڕێككەوتنەكەی واژوو كرد".

"یەكێتی ھێشتا نەچووەتە ھیچ ڕێككەوتنێك، نایەوێت ببێت بە بەشێك لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە و ڕێككەوتن لەگەڵ ھیچ لایەنێك بكات"، سەرچاوەكە بۆ پەرەگراف وای وت.

هاوكات لەگەڵ سەردانی شاندە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا و گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان، بەڵام سوننەكان هەر دوێنێ ھاتنە لای مەسعود بارزانی بۆ كوردستان، هەر شەوی ڕابردوویش بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، گەیشتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان.

هەوڵ و دانوستانی تاكلایەنانەی سەرۆكانی پارتی و یەكێتی ئاشكرای كرد كە ئەو دوو لایەنە دەربارەی دابەشكردنی پۆستەكان و ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان، بۆچوونی جیاوازیان هەیە.