عەبدولڕەزاق شەریف: گۆڕان دووركەوتووەتەوە لە پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفا

29-04-2019 05:55
عەبدولڕەزاق شەریف لەگەڵ نەوشیروان مستەفا


پەرەگراف

عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، گۆڕان بەلاڕێدا براوەو بڕیارەكەی گروپێكی خانەی ڕاپەڕاندن كاردانەوەی هەڵوێستەكانی بووە‌و شانازی پێوە دەكات، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانەوە لە ڕیزەكانی بزووتنەوەكە "دەركرا".

عەبدولڕەزاق شەریف كە هاوكات ڕێكخەری ژوری ڕۆژنامەوانیی گۆڕان بوو، ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی دوورخستنەوەی لە گۆڕان بڵاوكردەوە، تێیدا ڕەخنەی تووندی ئاڕاستەی گۆڕان كردووەو چەند خاڵێكی خستووەتەڕوو، دەڵێت"بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و دوركەوتنەوەی لە گشت پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفا‌و دژایەتیكردنی كەسایەتی‌و ژیان‌و تێكۆشان‌و بیرو ڕوانینە سیاسییەكانی ئەو زاتە".

ئەو بەرپرسە دووخراوەیەی گۆڕان دەشڵێت"برەوپێدانی گەندەڵی مالیی‌و ئیداری‌و ئەخلاقی‌و گلان لە سەفەقاتی بازرگانی بەدگومان‌و ناڕون".

میدیاكانی گۆڕان سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بڕیارێكی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتەوەكەیان بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە"خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا بە دەركردنی عەبدولڕەزاق شەریف ڕێكخەری ژوری ڕۆژنامەوانی لە ڕیزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، چونكە پابەند نەبوە بە پرەنسیپەكانی كاری ڕێكخراوەیی و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان".

میدیاكانی گۆڕان‌و بڕیارەكەی خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزووتنەوەیە هیچ وردەكارییەكیان نەخستووەتە ڕوو لەبارەی پابەند نەبوونی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانییان بە پرەنسیپەكانی كاری ڕێكخراوەیی و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان.

لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بڕیارەكەدا، پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی‌و هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكە، پەیوەندیكرد بە عەبدولڕەزاق شەریف، بەڵام ناوبراو وتی، "نەمبیستووە".

پەرەگراف پرسیاری لە عەبدولڕەزاق شەریف كرد، هیچ ڕووداوێك هەبووە پێیوابێت بڕیارەكەی خانەی ڕاپەڕاندن پەیوەندیی بەوەوەهەبێت، ناوبراو وتی "غەیری ئەو كۆبوونەوەیەی دوێنێ كە قسەمان تێدا كردووە هیچی دیكە نەبووە، نازانم"، لەبارەی ئەوەی ئەو هەڵوێستی جیاوازی هەبووە لەو كۆبوونەوەیەدا؟ وتی"جارێ بابزانم بابەتەكە چییە".

عەبدولڕەزاق شەریف، بەشداربوو لە كۆبوونەوەی دوێنێی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كە تێیدا بەشداریی گۆڕان لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزووتنەوەكە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی پێیان دەدرێت، تاوتوێ كران.

خانەی ڕاپەڕاندن باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێ كردنە لەناو گۆڕان‌و بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكەیە، ڕێكخەری گشتیی گۆڕان سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی خانەكە دەكات.

كەمێك لەمەوبەر عەبدولڕەزاق شەریف ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی بڕیاری دوورخستنەوەی بڵاوكردەوە

دەقی ڕوونكردنەوەكە

ڕونكردنەوەیەك لە (عەبدولڕەزاق شەریف)ەوە

بێ ڕەچاوكردنی گشت پرەنسیپە دەستوری‌و یاساییەكان، گشت عورفە سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەخلاقییەكان، دوای كۆتایی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی لە ئێوارەی 28/4 دا، بەیانیی ڕۆژی دواتر وەكو هەر هاوڵاتییەك هەواڵی دورخستنەوەم لە بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیاندنەكانەوە بیست.

ئەوەی لەمڕۆدا پێویستی وتن بێت، تەنیا ئەم خاڵانەیە‌و لە ئایندەیەكی نزیكدا، بۆ هەریەكە لەوانە بەبەڵگەوە درێژەو وردەكاری دەخەمەڕوو.

یەكەم: بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و دوركەوتنەوەی لە گشت پرەنسیپەكانی نەوشیروان مستەفا‌و دژایەتیكردنی كەسایەتی‌و ژیان‌و تێكۆشان‌و بیرو ڕوانینە سیاسییەكانی ئەو زاتە.

دووەم: برەوپێدانی گەندەڵی مالیی‌و ئیداری‌و ئەخلاقی‌و گلان لە سەفەقاتی بازرگانی بەدگومان‌و ناڕون.

سێیەم: نەمانی سادەترین پابەندبون بە كاری دەستوری‌و ڕێكخراوەیی‌و عورف‌و ئەخلاقی سیاسی‌و هاوڕێیەتی، لەبری كاركردن بە گیانی كۆنەقین‌و پاراستنی بەرژەوەندی تاك‌و گروپی جیاجیا.

بەندە لە تەمەنی كاری سیاسی خۆمدا، لەچوارچێوەی پەیڕەو و دەستوری ڕێكخراوەییدا، هەمیشە بە ئەركی خۆمەوە پابەندبوم‌و لە هەر ئۆرگانێكدا كارم كردبێت، بەگژ دیاردە دزێو‌و ناشیرینەكاندا چومەتەوە‌و باجەكەشیم داوە، ئەو بڕیارەی گروپێكی خانەی ڕاپەڕاندنیش كاردانەوەی هەڵوێستەكانم بوە‌و شانازی پێوە دەكەم، چونكە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، ئەو ئەركەی سەرشانی خۆم‌و هاوڕێكانم قورستر بووە، نە یەكەم كەس‌و نە دوا كەس دەبم لەو بەگژاچونەوە‌و تەسفیەكردنە.