مەسرور بارزانی وەڵامی دەزگای زانیاریی دەداتەوەو دەڵێت: با لاهور جەنگی ڕێكاری یاسایی بگرێتەبەر

20-03-2020 11:46


پەرەگراف

مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەڵامی دەزگای زانیاریی یەكێتی دەداتەوەو دەڵێت: "لاهور جەنگی لە ژێر ناوی دەزگای زانیاری، بە شڵەژاوی و دوور لە هەموو نەریت و رێزێك، نووسینێكی بڵاوكردووەتەوە كە كۆمەڵێك تۆمەتی بێ بنەما و دەستەواژەی ئاڵۆز بەرامبەر بە حكومەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لەخۆ دەگرێت".

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی نووسینگەی مەسرور بارزانی

دوای بڵاوبوونەوەی روونكردنەوەیەكی ئاسایش لە بارەی كەسێك كە بە تۆمەتی سیخوری دەستگیركراوە، لاهور جەنگی لە ژێر ناوی دەزگای زانیاری، بە شڵەژاوی و دوور لە هەموو نەریت و رێزێك، نووسینێكی بڵاوكردووەتەوە كە كۆمەڵێك تۆمەتی بێ بنەما و دەستەواژەی ئاڵۆز بەرامبەر بە حكومەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لەخۆ دەگرێت.

لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ دۆخی ناوخۆ و سەرقاڵی و بەرپرسیاریەتیمان بەرامبەر بەم رەوشەی ئێستای هەرێمی كوردستان، خۆمان بە وەڵامدانەوەی هەڵچوونەكانی ئەم كەسە سەرقاڵ ناكەین.

ناوبراو باس لە دادگا و یاسا دەكات، ئێمەش دووپاتی دەكەینەوە كە سەروەریی یاسا و نەهێشتنی سەرەڕۆیی و سەركێشی بەرامبەر یاسا، بەرنامەی هەرە سەرەكیی كاری حكومەتی هەرێمە، بۆیە پێمان باشە لاهور جەنگی رێكاری یاسایی بگرێتەبەر، ئەمە بۆ ئێمەش رێخۆشكەر دەبێت تاكو هەموو ئەو بەڵگانە بخەینە بەردەم دادگا كە سەلمێنەری سەرپێچی و یاساشكێنییەكانی ناوبراون.

نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

2020/3/20