بۆچی نەوت بە 90 هەزار دینار بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت؟

11-01-2022 02:52

پەرەگراف

وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: ئەو نەوتەی بە 90 هەزار دینار دابەش دەكرێت، هی عێراقە و لە هەموو عێراقدا بەو نرخەیە، ئەو نەوتی حكومەتی هەرێم بە 55 هەزار دینار دابینی كردبوو، بەشی نەكرد.

كەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی سەردانێكدا بۆ سنووری پارێزگای دهۆك، وتی "ئەو 100 ملیۆن لیتر نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە هێنانی، پاڵپشتییەكی گەورەی بۆ كرا، ئەوە (بۆ هەر ماڵێك) 200 لیترە و بە 55 هەزار دابەش دەكرێت، بەڵام بەشی دانیشتوانی هەرێم ناكات".

كەمال ئەتروشی وتیشی "بۆ پڕكردنەوەی ئەو كوتهێنانە لە دابەشكردنی نەوتی سپی، من چوومە بەغدا. ئەو نەوتەی بەغدا دەینێترێت، بە نرخێكی بازرگانییە و لە هەموو عێراق بە 90 هەزار دەفرۆشرێت".

"زۆریش مەمنوونی وەزیری نەوتی عێراقم كە ڕەزامەندیی نیشان دا 250 ملیۆن لیتر نەوت بدەن بە ئێمە"، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم وای وت.

كەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای دهۆكی كرد و بەردی بناخەی پرۆژەیەكی دانا و حەوت پرۆژەیشی كردەوە.

"یەكەم جارە دێمە شێخان و چەمانكێ لە سنووری پارێزگای دهۆك، دەمەوێت چەندین شت بە یەكەوە بكەم: كۆمپانیای نەوتمان هەیە لە شێخان و ئەترووش و سەرسنگ و سەردانم كردن. هەروەها دڵنیابم كە خەڵك نەوتی سپی وەرگرتووە. ئەو نەوتەی كە لە زاخۆ و ئامێدی دابەش كراوە و بەڵێنیشم داوە دەبێت بە زووترین كات نەوتی سپی بگەیەندرێتە ئەم گوندانەی كە ماون، بۆیە من هاتم ئەو گوندانەم بینی و بە دادپەروەریش نەوتەكە دابەش كراوە"، كەمال ئەترووشی وای وت.