سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی هەرێم: ساڵی ڕابردوو 187 ڕۆژنامەنووس و میدیا پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە

12-01-2022 08:42

پەرەگراف

لە ساڵی 2021دا "79 حاڵەتی پێشێلكاری" بەرانبەر "187 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن" لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون. "دەستگیركردن، لێدان، هەڕەشە، هێرش و سووكایەتی، داخستنی نووسینگە و كەناڵ، ڕێگەنەدان و جیاكاری" جۆری ئەو پێشێلكارییانەن كە كەلایەن سەندیكای ڕۆژنامەنووسانەوە تۆمار كراون.

لیژنەی داكۆكی لە ماف و ئازادیی ڕۆژنامەنووسانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، ئاماری پێشێلكارییەكانی ساڵی 2021 بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن بڵاو كردەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە "خستنەڕووی ڕاپۆرتی ژمارە 27 و 28 (كە تایبەتن بە شەش مانگی یەكەم و شەش مانگی دووەمی 2021)، دەرخەری ئەوەن پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان بەردەوامن".

بەپێی پۆلێنكردنی پێشێلكارییەكان، لە ساڵی ڕابردوودا 17 حاڵەتی دەستگیر كردن، 31 حاڵەتی ڕێگەنەدان و جیاكاری، 22 حاڵەتی هێرش و سوكایەتی، چوار حاڵەتی لێدان، دوو حاڵەتی هەڕەشە، سێ‌ حاڵەتی داخستنی نووسینگە و كەناڵ لەلایەن لیژنەكەوە تۆمار كراون.

ئەم ئامارانە تایبەتن بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ڕۆژئاواوای كوردستان، بەغدا، كەركووك و هەندێك پارێزگای دیكەی ناوچە دابڕێندراوەكان. لیژنەی داكۆكی لە ماف و ئازادیی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت "ڕەنگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و ناوچەكانی دیكەی عێراق پێشێلكاریی دیكە كرابن، بەڵام ئەوەندەیان لای ئێمە تۆمار كراون".

هەر بەپێی وردەكاریی ڕاپۆرتەكە، ساڵی ڕابردوو "35 ڕۆژنامەنووس دەستگیر كراون، 61 ڕۆژنامەنووس ڕێگەی لێ‌ گیراوە و جیاكاریی بەرانبەر كراوە، 79 ڕۆژنامەنووس هێرش و سووكایەتیی بەرانبەر كراوە، پێنج ڕۆژنامەنووس لێی دراوە و چوار ڕۆژنامەنووسیش هەڕەشەیان لێ‌ كراوە".

ئەو سێ‌ نووسینگە و كەناڵەیش كە داخراون، هەرسێكیان لە سنووری ڕۆژئاوای كوردستان بووە.

پێشێلكارییەكان بەرانبەر میدیا و میدیاكاران لە ساڵی 2021 بەپێی پارێزگاكان، بەم شێوەیە بووە: 33 حاڵەتیان لە هەولێر، 20 حاڵەتیان لە سلێمانی، سێ‌ حاڵەتیان لە دهۆك، 17 حاڵەتیان لە كەركووك، چوار حاڵەتیان ڕۆژئاوای كوردستان، هەریەكە لە هەڵەبجە، خانەقین، مووسڵ، بەغداد و نەجەفیش یەكی یەك حاڵەتیان تێدا تۆمار كراوە.

بەپێی ڕەگەزیش، 186 ڕۆژنامەنووس لە ڕەگەزی نێر پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە، لە بەرانبەردا تەنیا یەك حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە ڕەگەزی مێ‌ تۆمار كراوە.

* دەقی راپۆرتی پێشێلکارییەکانی ساڵی 2021ی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان