بەرھەم ساڵح و ھۆشیار زێباری و لەتیف ڕەشید خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید کرد

12-01-2022 09:30

پەرەگراف

یەکێتی بەرھەم ساڵح و پارتی ھۆشیار زێباریی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید کرد، لە دەرەوەی ئەو دوو حیزبەش د. لەتیف ڕەشید ھاوسەری شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتیی خۆی کاندید کرد، سەرچاوەیەکی باڵای کورد لە بەغداد بۆ پەرەگراف وای وت.

سەرچاوەکە وتیشی "ئەو سێ کەسە پێداویستییەکانیان پێشکەش کردووە، ئەگەریش ھەیە سبەینێ کە دوا وادەی خۆ کاندیدکردنە مەلا بەختیاریش خۆی کاندید بکات".

بەدەر لەو کەسایەتییە دیارانە، چەند کەسێکی دیکەش پێداویستیی خۆکاندیدکردنیان بۆ ھەمان پۆست پێشکەش بە پەرلەمان کردووە.

بەھۆی ئەوەی یەکێتی ئامادە نەبوو بەرھەم ساڵح بگۆڕێت بە کاندیدێکی دیکە، پارتی کاندیدی پێشکەش کردووە، بەوەش سیناریۆی ٢٠١٨ لەنێوان ئەو دوو حیزبە دووبارە دەبێتەوەو ململانێکە دەچێتە ناو ھۆڵی پەرلەمان و بەردەم دەنگی پەرلەمانتاران.

پارتی و یەكێتی پێچەوانەی بانگەشەكانی ڕابردوویان سەبارەت بە یەكڕیزی لە بەغدا، لە یەكەم هەنگاوی سیاسیدا كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بوو، بەسەر دوو بەرەكەی شیعەدا دابەش بوون، پارتی لەگەڵ سەدر ڕێكەوتنی كرد و پێکەوە لەگەڵ سوننەکان سەرۆکایەتی پەرلەمانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد، یەكێتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی هاوهەڵوێست بوو بایکۆتی دەنگدان بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردو تەنانەت دەنگی بە كاندیدەكەی پارتیش نەدا بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان.