نوێترین پەیام لە پارتییەوە بۆ یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار

12-01-2022 10:45

پەرەگراف

پارتی فشارەکانی چڕدەکاتەوە تا یەکێتی لە پشتیوانیی بەرھەم ساڵح بکشێتەوەو بە فەرمیی کەسێکی دیکە بکاتە کاندیدی حیزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، پارتی پەیامی ئەوەی بە یەکێتی گەیاندووە ئەگەر بچنە ململانێوە "پۆستەکە بۆ پارتی دەبێت".

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بۆ پەرەگراف وتی "پارتی داوادەکات د.بەرھەم بگۆڕین بە کەسێکی دیکە لە بەرامبەردا ئەوان کاندیدەکەیان بۆ سەرۆککۆمار دەکشێننەوەو پشتیوانیی کاندیدەکەی ئێمە دەکەن".

سەرچاوەکە وتیشی "یەکێتی ئەوە ڕەتدەکاتەوەو بڕیارمان ئەوەیە دەستبەرداری د.بەرھەم نابین".

"پارتی دەڵێت تائێستا ٢٠٠ دەنگمان ھەیە لەناو پەرلەمان و کاندیدی ئێمە سەردەکەوێت، بەڵام ئێمە وەک یەکێتی وای نابینین" سەرچاوەکە وای وت.

ئەوە لەکاتێکدایە سبەینێ دوا وادەیە بۆ خۆکاندیدکردن، یەکێتی بەرھەم ساڵح و پارتی ھۆشیار زێباریی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندیدکردووە، لە دەرەوەی ئەو دوو حیزبەش د. لەتیف ڕەشید ھاوسەری شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتیی خۆی کاندیدکردووە، سەرچاوەیەکی باڵای کورد لە بەغداد ئەمشەو بۆ پەرەگراف وای وت.

سەرچاوەکە وتیشی "ئەو سێ کەسە پێداویستییەکانیان پێشکەش کردووە، ئەگەریش ھەیە سبەینێ کە دوا وادەی خۆ کاندیدکردنە مەلا بەختیاریش خۆی کاندید بکات".

بەدەر لەو کەسایەتییە دیارانە، چەند کەسێکی دیکەش پێداویستیی خۆکاندیدکردنیان بۆ ھەمان پۆست پێشکەش بە پەرلەمان کردووە.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو ئەگەر تاکاتی دەنگدان بە سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراق پارتی و یەکێتی ڕێکنەکەون، سیناریۆی ٢٠١٨ لەنێوان ئەو دوو حیزبە دووبارە دەبێتەوەو ململانێکە دەچێتە ناو ھۆڵی پەرلەمان و بەردەم دەنگی پەرلەمانتاران.

لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا هەر كاندیدێك توانی دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران (220 دەنگ لە کۆی ٣٢٩) بەدەستبهێنێت، دەبێت بە سەرۆككۆمار.

ئەگەر هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو دەنگە بەدەستبهێنێت، ئەوکات گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت لەنێوان ئەو دوو كاندیدەی كەزۆرترین دەنگیان لە گەڕی یەكەمدا بەدەستهێناوە، ئەو كەسەی لە گەڕی دووەمدا زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆككۆمار.

بەڵام ئەگەر تەنها یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ھەبێت، ئەوا پێویستە لە گەڕی یەكەمدا دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، ئەگەر نەیتوانی، ئەوا لە گەڕی دووەمدا پێویستە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت بۆ بەدەستھێنانی پۆستەکە.

پارتی و یەكێتی پێچەوانەی بانگەشەكانی ڕابردوویان سەبارەت بە یەكڕیزی لە بەغدا، لە یەكەم هەنگاوی سیاسیدا كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بوو، بەسەر دوو بەرەكەی شیعەدا دابەش بوون، پارتی لەگەڵ سەدر ڕێكەوتنی كرد و پێکەوە لەگەڵ سوننەکان سەرۆکایەتی پەرلەمانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد، یەكێتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی هاوهەڵوێست بوو بایکۆتی دەنگدان بەسەرۆکایەتی پەرلەمانی کردو تەنانەت دەنگی بە كاندیدەكەی پارتیش نەدا بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان.