دادگای فیدراڵی كاری دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی ڕاگرت

13-01-2022 02:59
دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بەشێوەیەكی كاتیی كاری دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی ڕاگرت.

بڕیارەكەی دادگا كە ئەمڕۆ دەرچووە، تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، ڕاگرتنی كاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بەهۆی دوو سكاڵای یاساییە كە لەسەری تۆمار كراوە تا یەكلایی كردنەوەی سكاڵاكان.

سكاڵاكان بە گومانی "سەرپێچی دەستووریی‌و پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان" لە بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا تۆمار كراون، لەو دانیشتنەدا دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

بڕیارەكەی دادگا لە كاتێكدایە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی ڕێوشوێنەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و وەرگرتنی سیڤیی‌و بەڵگەنامە پێویستەكانە لەو كەسانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كاندید دەكەن.

پاش بڕیارەکە، دادگا فیدراڵی ڕایگەیاند، بڕیارەکەیان ڕێكارەكانی ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ڕاناگرێت، بەپێی یاسای خۆكاندیدكردن، دەبێت بەڵگەنامەكانی خۆكاندیدكردن لەلایەن كاندیدەكانەوە پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێن‌و لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانیشەوە ناوی ئەو كاندیدانە ڕابگەیەندرێن كە مەرجە یاساییەكانی خۆكاندیدكردنیان تێدایە.

یەكەم دانیشتنی پەرلەمان كە 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، سەدرییەكان‌و سووننەو پارتی دیموكرات‌و چەند لایەنێكی دیكە بەشدارییان تێدا كردو سەرۆك‌و دوو جێگرەكەی سەرۆكی پەرلەمان لە نێوان ئەو سێ لایەنەدا دابەشكردا.

لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بایكۆتیان كردو تانەی یاساییان لەو یەكەم دانیشتنەدا، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بایكۆتی دەنگدان بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردو لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی هاوهەڵوێست بوو.