كۆرۆنا لە 10 ڕۆژدا چیی بەسەر ئێران هێنا؟ مردن لەسەدا 300 زیادی كردووە

20-03-2020 08:28
تیمە تەندروستییەكان جلوبەرگی خۆپارێزییان پۆشیوەو نەخۆشێك دەگەیەننە نەخۆشخانە لە تاران. وێنە؛ فاتمە بەهرامی/ ئاژانسی ئەنادۆڵ/ گێتی ئیمەیج.


پەرەگراف

ڤایرۆسی كۆرۆنا ئێرانی ڕوبەڕوی دۆخێكی تەواو ناهەموار كردووەتەوە، ئامارەكانی ڕێژەی مردن لەو وڵاتە هەر ڕۆژێك زیاترە لە ڕۆژی پێشووتر، بە جۆرێك لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا مردن بەو ڤایرۆسە لەسەدا 305 زیادی كردووە.

تەنها لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 149 كەس لە ئێران بە كۆرۆنا مردوون كە بۆ هەر كاتژمێرێك دەكاتە زیاتر لە 12 كەس.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ڕۆژانە ئاماری نوێی 24 كاتژمێری ڕابردووی مردن‌و تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە وڵاتەكەی ڕادەگەیەنێت، لە 11-3-2020 مردنی 63 كەس‌و تووشبوونی 985 كەسی نوێ ڕاگەیەندرا، بەوەش لەوكاتەدا كۆی گشتیی مردووان گەیشتە 354 كەس‌و تووشبوونیش بوو بە 9 هەزار كەس.

دوای 10 ڕۆژ، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 149 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ ھەزارو 433 كەس.

تەندروستی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا ھەزارو 237 كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتە 19 ھەزارو 644 كەس، ھەروەھا تائێستا 6 ھەزارو 745 كەس چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.

بەپێی دواین ئاماری ئەمڕۆ لە كۆی 19 هەزارو 644 تووشبوو، هەزارو 433 كەس گیانیان لەدەستداوە، بەو پێیەش ڕێژەی مردن بە كۆرۆنا لە ئێران دەكاتە لەسەدا 7، ئەوەش پیشانی دەدات ڕێژەی مردن لە ئێران بەو ڤایرۆسە زیاترە لە سێ ئەوەندەی چین كە لەو وڵاتە مردن كەمتر لە سەدا 3 بوو.

بەهۆی ئەوەی ئێران وڵاتێكی نادیموكراتی‌و ناشەفافە، گومان لەسەر ئامارەكانی هەیەو هەندێك لایەن دەڵێن ژمارەكان زۆر لەوە زیاترن كە دەخرێنە ڕوو.

ئەمە ژماری 10 ڕۆژی ڕابردووی تووشبوون‌و مردنە بە كۆرۆنا لە ئێران كە وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووەو پەرەگراف ڕۆژانە تۆماری كردووە:

11-3/ مردنی 63 كەس‌و تووشبوونی 958 كەسی نوێ

12-3/ مردنی 75 كەس، تووشبوونی ھەزارو 75

13-3/ مردنی 85 كەس، تووشبوونی ھەزارو 298

14-3/ مردنی 97 كەس، تووشبوونی ھەزارو 365

15-3/ مردنی 113 كەس‌و تووشبوونی ھەزارو 209

16-3/ مردنی 129 كەس‌و تووشبوونی هەزارو 53

17-3/ مردنی 135 كەس‌و تووشووبونی هەزارو 178

18-3/ مردنی 147 كەس‌و تووشبوونی هەزارو 192

19-3/ مردنی 149 كەس‌و تووشبوونی ھەزارو 46

ئەمڕۆ 20-3/ مردنی 149 كەسی دیكەو تووشبوونی هەزارو 237 كەسی دیكە.

دۆخی ئێران كاریگەریی لەسەر عێراق‌و كوردستان هەیەو زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی لە كوردستان‌و عێراق تووشی كۆرۆنا بوون یاخود بەو ڤایرۆسە مردوون، لە ئێران گەڕاونەتەوە یاخود بەركەوتنیان هەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێك لەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە خۆیان بە تیمە تەندروستییەكان نە ناساندووە تا كەرەنتینە بكرێن.

ئێران سنورێكی فراوانی لەگەڵ عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیە، لەسەر ئاستی عێراق، سلێمانی فروانترین سنوری وشكانیی لەگەڵ ئێران هەیە، سلێمانی لەسەر ئاستی كوردستان زۆرترین تووشبووی كۆرۆنای هەیە.

لەسەر ئاستی كوردستان تائێستا؛ 41 كەس تووشی كۆرۆنا بوون‌و 13 كەس چاكبوونەتەوەو یەك كەسیش گیانی لەدەستداوە.

لە عێراقیشدا تائێستا زیاتر لە 165 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون‌و 43 تووشبووش چاكبوونەتەوەو 12 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

هاوكات لەسەر ئاستی جیهان كۆرۆنا لە تەشەنەكردنی بەردەوامدایە بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا، مردن بە كۆرۆنا لە دونیادا 10 هەزارو 400 كەسی تێپەڕاندووەو تووشبووانیش لە سەرووی 255 هەزار كەسن.

تائێستا هیچ دەرمانێك وەك چارەسەر بۆ ڤایرۆسەكە نەدۆزراوەتەوەو هەندێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیا زەنگی مەترسییان لێداوەو دەڵێن ڤایرۆسەكە زۆر زیاتر تەشەنە دەكات، بەپێی دواین ئامارەكانیش تائێستا زیاتر لە 87 هەزار تووشبوو بە ڤایرۆسەكە لەدونیادا چاكبوونەتەوە كە زۆربەیان گەنجانن.

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ڤایرۆسی كۆرۆنای بە پەتایەكی جیهانیی ناساند، ئەوەش بە مانای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە بە سەرتاسەری دونیادا، ڕێكخراوەكە بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری نائاسایی لە دونیادا ڕاگەیاندووە بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆناوە.