پەرەگراف ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی کاندیدی سەرۆککۆمار ئاشکرا دەکات

15-01-2022 11:46

پەرەگراف

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و ڕاگەیاندنی کاندیدی فەرمیی ئەو حیزبە بۆ ئەو پۆستە کۆتایی ھات، بڕیاری کۆتایی تێدا نەدراو دەیانەوێت نەچنە ململانێوە لەگەڵ پارتی دیموکرات.

کۆبوونەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی ئەنجام درا، سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی و ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بۆ پەرەگراف وتی "بەبێ ئەوەی کاندیدی فەرمی یەکلایی بکەنەوە کۆتایی پێھات".

سەرچاوەکە وتیشی "یەکێتی نایەوێت بچێتە ململانێوە لەگەڵ پارتی و مەترسیی لەسەر لەدەستدانی پۆستەکە دروست ببێت، ھەربۆیە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەکرێت و ھەوڵی ڕازیکردنیان دەدرێت لەسەر بەرھەم ساڵح، ئەنجامی گفتوگۆو ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی کاریگەریی لەسەر بڕیاری کۆتایی یەکێتی دەبێت لەسەر ئەو پرسە".

ھەرچەندە لە کۆبوونەوەی پێشووتردا مەکتەبی سیاسی یەکێتی "بڕیاریدا بەرھەم ساڵح کاندیدی ئەو حیزبە بێت بۆ سەرۆککۆمار"، بەڵام بڕیارەکە بە فەرمیی ڕانەگەیەندراو لە میدیای ئەو حیزبەوە باس نەکرا، ئەوەش بەھۆی ڤیتۆی پارتی لەسەر کاندیدکردنی بەرھەم ساڵح.

جگە لە بەرھەم ساڵح، د. لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاوای مام جەلال و ھاوسەری شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووەو لە ئەگەری دەستبەرداربوون لە بەرھەم ساڵح لەلایەن یەکێتییەوە، چانسی بەھێزی دەبێت بۆ بوون بە سەرۆککۆمار.

پارتی ھەر لەسەرەتاوە دژایەتیی پیشانداوە لەبارەی کاندید کردنی بەرھەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، بەھۆی ئەوەی یەکێتی ئامادە نەبوو بەرھەم ساڵح بگۆڕێت بە کاندیدێکی دیکە، پارتی ھۆشیار زێباری کاندید کردووە.

سێ ڕۆژ لەمەوبەر پەرەگراف ئەوەی ئاشکراکرد، پارتی فشارەکانی چڕدەکاتەوە تا یەکێتی لە پشتیوانیی بەرھەم ساڵح بکشێتەوە، پارتی پەیامی ئەوەی بە یەکێتی گەیاندووە ئەگەر بچنە ململانێوە "پۆستەکە بۆ پارتی دەبێت" بەوپێیەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ سەدرو سوننەکان ھەیە.

ئەوکات سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بۆ پەرەگراف وتی "پارتی داوادەکات د.بەرھەم بگۆڕین بە کەسێکی دیکە لە بەرامبەردا ئەوان کاندیدەکەیان بۆ سەرۆککۆمار دەکشێننەوەو پشتیوانیی کاندیدەکەی ئێمە دەکەن".

"پارتی دەڵێت تائێستا ٢٠٠ دەنگمان ھەیە لەناو پەرلەمان و کاندیدی ئێمە سەردەکەوێت، بەڵام ئێمە وەک یەکێتی وای نابینین" سەرچاوەکەوای وت.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو ئەگەر تاکاتی دەنگدان بە سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراق پارتی و یەکێتی ڕێکنەکەون، سیناریۆی ٢٠١٨ لەنێوان ئەو دوو حیزبە دووبارە دەبێتەوەو ململانێکە دەچێتە ناو ھۆڵی پەرلەمان و بەردەم دەنگی پەرلەمانتاران.

لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا هەر كاندیدێك توانی دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران (220 دەنگ لە کۆی ٣٢٩) بەدەستبهێنێت، دەبێت بەسەرۆككۆمار.

ئەگەر هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو دەنگە بەدەستبهێنێت، ئەوکات گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت لەنێوان ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان لە گەڕی یەكەمدا بەدەستهێناوە، ئەو كەسەی لە گەڕی دووەمدا زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆككۆمار.

بەڵام ئەگەر تەنها یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ھەبێت، ئەوا پێویستە لە گەڕی یەكەمدا دەنگی دوو لەسەرسێی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، ئەگەر نەیتوانی، ئەوا لە گەڕی دووەمدا پێویستە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت بۆ بەدەستھێنانی پۆستەکە.

پارتی و یەكێتی پێچەوانەی بانگەشەكانی ڕابردوویان سەبارەت بە یەكڕیزی لە بەغدا، لە یەكەم هەنگاوی سیاسیدا كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بوو، بەسەر دوو بەرەكەی شیعەدا دابەش بوون، پارتی لەگەڵ سەدر ڕێكەوتنی كرد و پێکەوە لەگەڵ سوننەکان سەرۆکایەتی پەرلەمانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد، یەكێتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی هاوهەڵوێست بوو بایکۆتی دەنگدان بەسەرۆکایەتی پەرلەمانی کردو تەنانەت دەنگی بە كاندیدەكەی پارتیش نەدا بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان.