ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ 2021: 353 پێشێلكاری بەرانبەر 260 ڕۆژنامەنووس و میدیا تۆمار كراوە

16-01-2022 03:26

پەرەگراف

بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە 2021دا 353 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە 260 ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی تۆمار كراوە. "لێدان و سوكایەتی، هەڕەشە، دەستبەسەركردن، زەوتكردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و شكاندنی، سزادانی ڕۆژنامەنووسان بەدەر لە یاسای ڕۆژنامەوانی و داخستنی بارەگای كەناڵەكان"، جۆری دیاری پێشێلكارییەكان بوون. سەنتەرەكە دەشڵێت "كچان و ژنانی ڕۆژنامەوان ژینگەیەكی لەباریان بۆ كاركردن نییە و ڕۆژانە هەراسان دەكرێن".

بەپێی ڕاپۆرتەكە كە یازدەیەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆیە سەبارەت بە ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری، 189 حاڵەتی ڕێگری و جیاكاری، 81 حاڵەتی لێدان و سوكایەتی، 25 دەستبەسەركردن بەبێ‌ بڕیاری دادگا، 25 كەیسی زەوتكردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی لە ساڵی 2021دا تۆمار كراون.

هەروەها حاڵەتەكانی دیكەی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان بریتیبوون لە: 13 كەیسی هەڕەشەكردن، حەوت كەیسی شكاندنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، یەك كەیسی تەقەكردن لە ڕۆژنامەونووس، چوار كەیسی سزادانی ڕۆژنامەنووسان بەدەر لە یاسای ڕۆژنامەوانی، دوو كەیسی هەڵكوتانەسەر و داخستنی بارەگای كەناڵەكان، شەشە كەیسی پڕكردنەوەی بەڵێننامە بە ڕۆژنامەنووسان.

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، دەڵێت "لە 2021دا وەكوو ژمارە، پێشێلكاری بەرانبەر ئازادیی كاری ڕۆژنامەنووسی بە ڕێژەی لەسەدا هەشت بەراورد بە ساڵی 2020 كەمی كردووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە ئیدی ژینگەی كاركردن بێ خەوشە، بەڵكوو جۆری پێشێلكارییەكان گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئەویش بەكارهێنانی ماددەكانی یاسای سزادانی عێراقییە بۆ كەیسەكانی بڵاوكردنەوە و ئازادیی ڕادەربڕین، كە ئەمەش مایەی سەركۆنەكردنە، نەك ئاهەنگگێڕان".

سەنتەری میترۆ لە ڕاپۆرتی ئەمساڵیدا باسی لەوە كردووەكە كە ژنگەیەكی لەبار بۆ كاركردنی كچان و ژنانی ڕۆژنامەوان نییە و دەڵێت "ئەوان ڕۆژانە لەلایەن هاوپیشە پیاوەكان و هاووڵاتیانی ئاسایی و بەرپرس و پارێزەرانی یاساوە ڕووبەڕووی هەراسانكردن دەبنەوە".

"ڕاپرسی و ئامارەكان دەری دەخەن كە لە زۆربەی دەزگا ڕاگەیاندنەكان، شوێنە گشتییەكان و تەنانەت دەزگا حكومی و یاساییەكانیش كچان و ژنان ڕووبەڕووی هەراسانكردن دەبنەوە"، سەنتەری میترۆ وا دەڵێت.

بەپێی ڕاپرسییەك كە سەنتەری میترۆ لە نێوان 49 ڕۆژنامەوانی ژندا ئەنجامی داوە، گەیشتوون بە ئەنجامێك كە "هەراسانكردنی كچان و ژنانی ڕۆژنامەوان بووە بە ڕۆتین". لەناویاندا هەراسانكردنی زارەكی و جێندەری، كە ئەمەش "سەری كێشاوە بۆ تێكدانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و وازهێنانی ژنان و كچانی ڕۆژنامەوان لە پیشەكانیان".

بەپێی ئەو ئامارەی كە سەنتەری میترۆ ئەمڕۆ خستیە ڕوو، لە 10 ساڵی پێشتردا (2011-2021)، 2632 پێشێلكاری بەرانبەر بە 2165 ڕۆژنامەنووس و كەناڵی ڕاگەیاندن تۆمار كراوە، كە سیانیان كەیسی تیرۆرن، ئەوانیش ڕۆژنامەنووسان كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن و ئەركان شەریف. حەوت ڕۆژنامەنووسیش لە شەڕێ‌ دژ بە داعشدا شەهید كراون.

سەنتەرەكە پێی وایە كەیسەكانی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان "یان لێكۆڵینەوەی جیدییان تێدا نەكراوە، یاخود دەرەنجامی لێكۆڵینەوەكان قایلكەر نەبوون بۆ ڕایگشتی و كەسوكاری قوربانییەكان".

لە ماوەی 10 ساڵی بەر لە 2021، وردەكاریی پێشێلكارییە تۆماركراوەكان لەلایەن سەنتەری میترۆوە بەم شێوەیە بوون: 41 حاڵەتی برینداربوون بە فیشەك و بۆمب، 35 حاڵەتی سووتاندن و تێكدان و داخستنی كەناڵە میدیاییەكان، 547 حاڵەتی لێدان و سوكایەتیی و هەڕەشە، 345 حاڵەتی دەستگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی بەبێ‌ بڕیاری دادوەر، 100 حاڵەتی دەستگیركردن بەدەر لە یاسای كاری ڕۆژنامەوانی، 1300 حاڵەتی جیاكاری لە نێوان میدیاكاران.

بەشێكی دیكە لە پێشێلكارییەكان بریتیبوون لە: 130 حاڵەتی شكاندنی كەلوپەلەی ڕۆژنامەوانی، 219 حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، سێ‌ ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووس سووتێندراون، سێ‌ جار ڕێگری لە ڕۆژنامەنووس كراوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بكات، 40 جار تەقە لە ڕۆژنامەنووس كراوە و هەڵكوتراوەتە سەر ماڵەكانیان، هەشت حاڵەتی هەراسانكردنی سێكسی، 16 حاڵەتی تەشویش و هێرشی ئەلیكترۆنی بەسەر میدیاكان، 12 جار پەخشی كەناڵە میدیاییەكان ڕاگیراوە، 10 جاریش بەڵێننامە بە ڕۆژنامەنووس پڕكراوەتەوە.

بڵاوكردنەوە ئامارەكانی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان و میدیكان لەلایەن لەلایەن سەنتەری میترۆوە پاش ئەوە دێت كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەریش سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ڕاپۆرتی خۆی لەوبارەوە بڵاو كردەوە.

سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند لە ساڵی 2021دا "79 حاڵەتی پێشێلكاری" بەرانبەر "187 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن" لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون. "دەستگیركردن، لێدان، هەڕەشە، هێرش و سووكایەتی، داخستنی نووسینگە و كەناڵ، ڕێگەنەدان و جیاكاری" جۆری ئەو پێشێلكارییانەن كە كەلایەن سەندیكای ڕۆژنامەنووسانەوە تۆمار كراون.

لیژنەی داكۆكی لە ماف و ئازادیی ڕۆژنامەنووسانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێت، لە ساڵی ڕابردوودا 17 حاڵەتی دەستگیر كردن، 31 حاڵەتی ڕێگەنەدان و جیاكاری، 22 حاڵەتی هێرش و سوكایەتی، چوار حاڵەتی لێدان، دوو حاڵەتی هەڕەشە، سێ‌ حاڵەتی داخستنی نووسینگە و كەناڵ لەلایەن لیژنەكەوە تۆمار كراون.

* سەندیكای ڕۆژنامەنووسان: ساڵی ڕابردوو 187 ڕۆژنامەنووس و میدیا پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە