هاوپەیمانییەكی نوێ؛ عامری دەچێتە بەرەی سەدرو بارزانی‌و حەلبووسی

16-01-2022 04:01

پەرەگراف

هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح دەچێتە بەرەی سەدرو بارزانی‌و سوننەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، ئەمە بەپێی وتەی وەزیرێكی پێشووی پارتی لە عێراق.

بەنگین ڕێكانی، وەزیری پێشووی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئاگاداری ڕیككەوتن‌و گۆڕانكارییە سیاسییەكانە، لە تویتێكدا نووسیویەتی "هاوپەیمانیی دەسەڵات.. سەدر، بارزانی، حەلبووسی، عامری".

ڕێكانی زانیاریی زیاتری ئاشكرا نەكردووەو ئاماژەی بە وردەكاریی هاوپەیمانییە نوێیەكە نەكردووە.

هاوكات سەرچاوەیەكی سیاسیی كورد لە بەغداد كە ئاگاداری گۆڕانكارییەكانە، بۆ پەرەگراف وتی "عامری بە ئاگاداریی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشدار دەبێت لە پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ سەدرو بارزانی‌و حەلبووسی‌و پێدەچێت عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانیش بچێتە هەمان بەرەوە".

هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح یەكێكە لە لایەنە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كە بەرەی بەرامبەر سەدرن، گۆڕانی ئەو هەڵوێستەی دوای ئەوەدێت فشارەكانیان بۆ ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن‌و پەكخستنی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق سەری نەگرت.

عامری دوێنێ سەردانی موقتەدا سەدری كرد لە نەجەف، بڕیارە سەردانی هەولێریش بكات‌و لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆببێتەوە.

هەر ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە تویتێكدا جارێكی دیكە سووربوونی پیشاندایەوە لەسەر، "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی.. نە ڕۆژهەڵاتی‌و نە ڕۆژئاوایی".

سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەی عێراقەو 73 كورسیی پەرلەمانی هەیە، هەرلەسەرەتاوە داوای حكومەتی زۆرینە دەكات‌و دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی عێراق هەبێت نەك حكومەتێك كە هەموو لایەنەكانی تێدابن.

سەدر 11ی ئەم مانگە لە تویتێكدا وتی: "دەرگامان كراوەیە بۆ بەشێك كە ھێشتا تێڕوانینی باشمان لەسەریان ھەیە"، وەك ئاماژەیەك بۆ هەندێك لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی وەك هاوپەیمانیی فەتح.

هەریەكە لە ڕەوتی سەدرو پارتی دیموكرات‌و هاوپەیمانیی عەزم‌و تەقەدومی سووننەكان ڕێككەوتنیان هەیە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان‌و بەپێی ئەو ڕێككەوتنە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان دابەشكرد لە نێوان خۆیاندا.