كۆڵبەرێك كوژراوە، 9 بریندارەو 3 بێسەروشوێنن؛ لە كەمتر لە دوو هەفتەدا

17-01-2022 05:26
كۆڵبەران لەسەر سنووری ڕۆژهەڵات‌و باشووری كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا كۆڵبەرێك كوژراوە و نۆی دیكە بریندار بوون لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ماوەی پێنج ڕۆژیشە سێ كۆڵبەری دیكەی خەڵكی ئورمیە لەناو سنووری توركیا بێسەروشوێنن.

كۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی خراپیی گوزەرانیانەوە لەم زستانە سەختەیشدا كار دەكەن‌و كۆڵی قورس بەناو بەفر و شاخی سەختی سنووری ئێران - عێراق و ئێران - توركیادا دەگوازنەوە.

بەپێی ئامارێك كە پەرەگراف لە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وەری گرتووە، "لە ساڵی ٢٠٢١دا ٥٢ كۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و ١٦٣ی دیكە بریندار بوون، لەو ژمارانە ١٤٠ كۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆ كوژراون و بریندار بوون".

"١٣٤ كۆڵبەر لەلایەن هێزی ئێران، پێنج كۆڵبەر لەلایەن هێزی توركیا، كۆڵبەرێك لەلایەن هێزی عێراقییەوە تەقەیان لی كراوە" بەپێی  هەنگاو.