بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دیوی توركیا تەقییەوە و هەناردەی نەوت ڕاگیرا

19-01-2022 09:59
هەوڵی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە. وێنە: ئاژانسی ئەنادۆڵ

پەرەگراف

بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دیوی توركیا تەقیوەتەوە و بەوهۆیەوە هەناردەی نەوت ڕاگیراوە. وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت "ڕاپۆرتە سەرەتاییەكان دەری دەخەن كە تەقینەوەی بۆرییەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە و هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەكی توركیاوە بەردەوام دەبێت".

تەقینەوەی بۆرییەكە لە شارۆچكەی پازارجكی سەر بە پارێزگای مەڕەشی باشووری خۆرهەڵاتی توركیا ڕووی داوە و تا ئێستا هۆكارەكەی دیار نییە.

ئەو ئاگرەی لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆرییەكە دروست بووە، ڕێگای نێوان هەردوو پارێزگای مەڕەش و عەنتابی لە باكووری كوردستان بە ڕووی هاتوچۆدا داخستووە.

دوای كەوتنەوەی ئاگرەكە ژمارەیەكی زۆر تیمی ئاگركوژێنەوە ڕەوانەی ناوچەكە كراون و سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن.

كۆمپانیای بۆرییەكان و گواستنەوەی نەوت (بۆتاش)ی توركیا لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "دەوروبەری (كاتژمێر 7:30 خولەكی ئێوارەی سێشەممە) لە 511یەمین كیلۆمەتری بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق-توركیا، تەقینەوەیەك بە هۆكارێك كە تا ئێستا نەزانراوە، ڕووی داوە و بەهۆیەوە ئاگر كەوتووەتەوە".

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "تیمەكانی بۆتاش دەستبەجێ ڕۆیشتنی نەوتیان وەستاندووە و لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی ئاسایشی تەكنیكیدا، نزیكترین قفڵەكان لە ناوچەی ڕووداوەكە گیراونەتەوە. هەوڵەكانی كوژاندنەوەی ئاگرەكە لەلایەن ژمارەیەكی زۆر ئاگر كوژێنەوە و تیمەكانی باری لەناكاوی بۆتاشەوە بەردەوامە".

لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان دەڵێت "تەقینەوەی بۆرییەكە كاریگەریی گەورەی نابێت لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كوردستان، تەنیا بەشێوەی كاتی ڕادەگیرێت و بە زووترین كات دەست بە هەناردەكردن دەكەینەوە، بۆرییەكی دیكەی 46 ئینجیی توركیا لە تەنیشت بۆریی كوردستانەوەیە، تاوەكو چاككردنەوەی بۆریی نەوتی كوردستان، بۆرییەكەی توركیا بەكار دەهێنین".