هەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستی پێ كردەوە

19-01-2022 01:39
كاركردن لە بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا كاتی دروستكردنی بۆرییەكە لە ساڵی 2013. وێنە؛ پەرەگراف.

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی ڕایگەیاند، دوای وەستانێكی كاتیی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا بەهۆی تەقینەوەی بۆرییەكەوە لە ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممەدا، لەئێستادا ھەناردەكردنی نەوت دەستی پێكردووەتەوە.

وەزارەتەكە دەڵێت: بەپێی زانیارییەكان، تەقینەوەی بۆرییەكە بە هۆی شۆرتی كارەبا ڕوویداوە و لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم وردتر لە ڕووداوەكە دەكۆڵێتەوە‌و ئەو تەقینەوەیە كاریگەریی لەسەر هەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان ھەبووە.

سامانە سروشتییەكان زانیاریی زیاترو قەبارەی ئەو زیانەی ئاشكرا نەكردووە كە بەهۆی ڕووداوەكەوە بەر داهاتی هەرێمی كوردستان كەوتووە، نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

تەقینەوەی بۆرییەكە لە شارۆچكەی پازارجكی سەر بە پارێزگای مەڕەشی ڕووی داوە، ئەو ئاگرەی لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆرییەكە دروست بووە، بۆ ماوەیەك ڕێگای نێوان هەردوو پارێزگای مەڕەش و عەنتابی لە باكووری كوردستان بە ڕووی هاتوچۆدا داخست.

كۆمپانیای بۆرییەكان و گواستنەوەی نەوت (بۆتاش)ی توركیا لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "دەوروبەری (كاتژمێر 7:30 خولەكی ئێوارەی سێشەممە) لە 511یەمین كیلۆمەتری بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق-توركیا، تەقینەوەیەك بە هۆكارێك كە تا ئێستا نەزانراوە، ڕووی داوە و بەهۆیەوە ئاگر كەوتووەتەوە".

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "تیمەكانی بۆتاش دەستبەجێ ڕۆیشتنی نەوتیان وەستاندووە و لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی ئاسایشی تەكنیكیدا، نزیكترین قفڵەكان لە ناوچەی ڕووداوەكە گیراونەتەوە. هەوڵەكانی كوژاندنەوەی ئاگرەكە لەلایەن ژمارەیەكی زۆر ئاگر كوژێنەوە و تیمەكانی باری لەناكاوی بۆتاشەوە بەردەوامە".

هەوڵی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە. وێنە: ئاژانسی ئەنادۆڵ