کارەبای پێوەری زیرەک بۆ ٣٠ ئەمپێر کەمکرایەوە

20-01-2022 01:03

پەرەگراف

شەپۆلی بەفرو سەرما خواستی ھاووڵاتییانی لەسەر کارەبا بەرزکردووەتەوەو وەزارەتی کارەبا چەند بڕیارێکی دەرکردو کارەبای پێوەری زیرەک بۆ ٣٠ ئەمپێر کەمکرایەوە.

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی کرد بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کارەبا لەم وەرزی سەرمایەدا، کە بەهۆی شەپۆلی نوێی سەرما و سۆلەوە، خواست لەسەر کارەبا بۆ 7000 مێگاوات بەرز بووەتەوە و توانای بەرهەمهێنانیش 3500 مێگاواتە.

‎وەزارەتەکە دەشڵێت: لە پێناو زیادکردنی ماوەکانی پێدانی کارەبا و کەمکردنەوەی پچڕانی کارەبا ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:

‎- ڕاگرتن و کەمکردنەوەی کارەبای کۆمپانیا گەورەکانی کوردستان و پێدانی بە هاووڵاتییان.

‎- سنووردارکردنی پێوەری زیرەکی سنگل فەیز بۆ 30 ئەمپێر و سێ فەیز بۆ 60 ئەمپێر تا کۆتایی مانگی شوبات.

کارەبای سنگل فەیز(ماڵان) 40 ئەمپێر بوو دەبێتە 30، سێ فەیزیش 90 ئەمپێر بوو دەبێتە 60.

شەپۆلی بەفرو سەرما سەرتاسەری ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوەو لە سەنتەری شارەکانیش بەفر باریوە، بەوھۆیەوە دەوامی فەرمانگەکان ڕاگیراون.