وردەکاریی ھێرشی داعش بۆ سەر گرتووخانەی غوێران لە ڕۆژئاوای کوردستان

21-01-2022 02:37
بەرزبوونەوەی ئاگرو دووکەڵ لە گرتوخانەکە لەکاتی ھێرشەکەی داعش.

پەرەگراف

هەسەدە شكستپێهێنانی هێرشەكەی داعشی بۆ سەر یەكێك لە گەورەترین ئەو گرتوخانانەی كە زیندانیانی داعشی تێدایە لە حەسەكە ڕاگەیاند، بەڵام ڕووانگەی سووری دەڵێت "هێشتا ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامە و زیندانیانی داعش لە ناوەوە زیندانەكەیان كۆنترۆڵ كردووە". فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش بۆردوومانیان لە ناوچەكە ئەنجام داوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، دەڵێت "ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات و هێزە ئەمنییەكانی حەسەكە لەگەڵ چەكدارانی داعش لە دەوروبەری گرتووخانەی غوێران بەردەوامە".

بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەری ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ "67 كەس كوژراون: 39 چەكداری داعش، 23 ئەندامی هێزە ئەمنییەكان و پاسەوانی گرتوخانەكە، لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی مەدەنی. ژمارەیەكی زۆریش بریندار هەن".

شەوی ڕابردوو شانە نووستووەكانی داعش هێرشیان كردە سەر گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان. سەرەتا ئۆتۆمبێلێك و ماتۆڕسكیلێكیان لە نزیك دەرگای گرتووخانەكە تەقاندووەتەوە، پاشان ھەوڵیان داوە دوو تانكەری سووتەمەنی بكەنە ئامانج تابتوانن زیندانییەكان ڕزگار بكەن.

لەكاتی ھێرشەكەدا زیندانییەكانی داعش لەناو گرتووخانەكە بەتانی و ماددەی پلاستیكییان سووتاندووە تا پشێویی زیاتر بنێنەوە و بتوانن ڕابكەن. لە ئەنجامیشدا ژمارەیەك زیندانی هەڵاتوون كە ڕووانگەی سووری دەڵێت "زیاتر لە 100" زیندانین.

ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) ڕایگەیاندووە كە شكستی بە سەرجەم ھەوڵەكان داعش لەو هێرشەدا هێناوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی ھەسەدە دەڵێت "زیاتر لە ٨٩ چەكداری داعش لە ھەوڵی ھەڵاتندا دەستگیركراونەتەوە و پێج چەكداریشیان كوژراون كە یەكێكیان چینییە".

گرتەی ڤیدیۆیی دەستگیركردنەوەی هەندێك لە زیندانییەكان بڵاو كراوەتەوە.

گرتووخانەی غوێران نزیكەی پێنج ھەزار زیندانیی داعشی تێدایە و دووەم گەورەترین گرتووخانەی داعشەكانە لە حەسەكە.

ڕووانگەی سووری دەڵێت "فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆردوومانی بینای كۆلێژی ئابوورییان لە شاری حەسەكە كردووە كە ژمارەیەك لە زیندانییە هەڵاتووەكانی داعش لەناویدان".

ڕووانگەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە فڕۆكەیەكی ئەمریكی دوو خاڵی چەكدارانی داعشی لە دەوروبەری گرتووخانەی غوێران كردووەتە ئامانج.

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڕەكەكانی نزیك گرتووخانەكە ئەمڕۆش بەردەوام بووە و هەسەدە دەڵێت: چەكدارانی داعش خەڵكی مەدەنی و خانووی ھاووڵاتییان وەك قەڵغانی مرۆیی بەكار دەھێنن و بە فشار و ھەڕەشەكردن دەچنە ناو ماڵەكانیان.

ھەسەدە داوا لە خەڵكی ئەو گەڕەكانە دەكات ھاوكاریی ھێزەكانیان بكەن و ڕێگە بۆ داعشەكان نەكەنەوە، ھاوكات فڕۆكەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ژمارەیەك چەكداری داعشی كردووەتە ئامانج.

ڕووانگەی سووری وێنەی هەڵاتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی لە ناوچەی شەڕەكە بڵاو كردووەتەوە.