مەزڵووم کۆبانێ: هێرشی داعش بۆ سەر زیندانەکەی حەسەکە تێکشکێندراوە

21-01-2022 10:34

پەرەگراف

فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، تێكشكاندنی هێرشەكەی داعشی بۆ سەر گرتووخانەی غوێران لە حەسەكە و كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكەی ڕاگەیاند.

مەزڵووم كۆبانێ‌، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، لە تویتێكدا دەڵێت "داعش شانە نووستووەكانی كۆكردووەتەوە بۆ هێرشكردنە سەر زیندانەكانی حەسەكە، لە ڕێگەی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژەوە هەوڵی داوە زیندانەكان هەڵبێن، هاوكاتی هێرشەكەی داعشیش زیندانەكان دەستیان بە مانگرتن كردووە".

مەزڵووم كۆبانێ‌ دەشڵێت "هێزە ئەمنی و سەربازییەكانمان بە هاوكاریی هاوپەیمانیی نێودەڵەتی، توانییان بەرپەرچی هێرشەكە بدەنەوە و ناوچەكانی دەوروبەری زیندانەكە كۆنترۆڵ بكەنەوە".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەخت دەكاتەوە كە "زۆرینەی زیندانییە هەڵاتووەكان دەستگیر كراونەتەوە".

"هێزەكانمان بە دانایی و دانبەخۆداگرتنەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتەدا دەكەن لەناو زیندانەكەدا. جەخت دەكەینەوە كە شەڕی ئێمە لە دژی داعش بەردەوامە، ئێمە ناوەستین هەتا هەموو تاوانباران دەستگیر نەكرێن"، مەزڵووم كۆبانێ‌ وا دەڵێت.

شەوی ڕابردوو شانە نووستووەكانی داعش هێرشیان كردە سەر گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان. سەرەتا ئۆتۆمبێلێك و ماتۆڕسكیلێكیان لە نزیك دەرگای گرتووخانەكە تەقاندووەتەوە، پاشان ھەوڵیان داوە دوو تانكەری سووتەمەنی بكەنە ئامانج تابتوانن زیندانییەكان ڕزگار بكەن.

ئێوارەى ئەمڕۆ ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، وتى"ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات و هێزە ئەمنییەكانی حەسەكە لەگەڵ چەكدارانی داعش لە دەوروبەری گرتووخانەی غوێران بەردەوامە".

بەڕێوەبەری ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ باسى لەوە کرد "67 كەس كوژراون: 39 چەكداری داعش، 23 ئەندامی هێزە ئەمنییەكان و پاسەوانی گرتوخانەكە، لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی مەدەنی. ژمارەیەكی زۆریش بریندار هەن".

لەكاتی ھێرشەكەدا زیندانییەكانی داعش لەناو گرتووخانەكە بەتانی و ماددەی پلاستیكییان سووتاندووە تا پشێویی زیاتر بنێنەوە و بتوانن ڕابكەن. لە ئەنجامیشدا ژمارەیەك زیندانی هەڵاتوون كە ڕووانگەی سووری دەڵێت "زیاتر لە 100" زیندانین.

ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) ڕایگەیاندووە كە شكستی بە سەرجەم ھەوڵەكان داعش لەو هێرشەدا هێناوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی ھەسەدە دەڵێت "زیاتر لە ٨٩ چەكداری داعش لە ھەوڵی ھەڵاتندا دەستگیركراونەتەوە و پێج چەكداریشیان كوژراون كە یەكێكیان چینییە".

گرتەی ڤیدیۆیی دەستگیركردنەوەی هەندێك لە زیندانییەكان بڵاو كراوەتەوە.

گرتووخانەی غوێران نزیكەی پێنج ھەزار زیندانیی داعشی تێدایە و دووەم گەورەترین گرتووخانەی داعشەكانە لە حەسەكە.

ڕووانگەی سووری دەڵێت "فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆردوومانی بینای كۆلێژی ئابوورییان لە شاری حەسەكە كردووە كە ژمارەیەك لە زیندانییە هەڵاتووەكانی داعش لەناویدان".

ڕووانگەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە فڕۆكەیەكی ئەمریكی دوو خاڵی چەكدارانی داعشی لە دەوروبەری گرتووخانەی غوێران كردووەتە ئامانج.