هەرێم نیگەرانە لە هێرشەكانی داعش لە عێراق و سووریا؛ ئامادەكاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان دەكات

23-01-2022 03:40

پەرەگراف

هێرشەكانی ئەم چەند ڕۆژەی داعش لە سووریا و عێراق، مەترسیی بەهێزبوونەوەی ئەو ڕێكخراوەی دروست كردووە. سەرۆكی حكومەتی هەرێم نیگەرانە و سەبارەت بەو مەترسییانە لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدارەكان كۆبووەتەوە و "جەختی لە گرنگیی بەهێزتركردنی هێڵەكانی بەرگری و توندتركردنی ڕێكارەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەی تیرۆریستان" كردووەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی كانوونی دووەمی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرری ناوخۆ، دوایین گۆڕانكارییەكانی عێراق و سووریا تایبەت بە پەرەسەندنی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعشی تاوتوێ كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا "سەرۆكی حكومەت نیگەرانیی خۆی لە زیاتربوونی هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزتركردنی هێڵەكانی بەرگری و توندتركردنی ڕێكارەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەی تیرۆریستان كردەوە".

مەسرور بارزانی بۆ ئەو مەبەستە بە پێویستی زانیوە "لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەهێز و بەردەوامدا بن، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش".

نیگەرانییەكانی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە كە تیرۆریستانی داعش لە شەوی 20ی ئەم مانگە هێرشیان كردە سەر گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان و ماوەی سێ‌ ڕۆژە شەڕ لە دەوروبەری گرتووخانەكە بەردەوامە.

هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی شاری حەسەكە، تیرۆریستانی داعش بەرەبەیانی هەینی 21-1-2022 هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێم لە پارێزگای دیالە و ١٠ سەرباز و ئەفسەرێكیان كوشت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەڵێت "ئەمڕۆ هێزەكانمان ڕووبەڕووی چەند شانەیەكی تیرۆریستی بوونەتەوە كە تا ئێستا ناسنامەیان دیار نییە و هەوڵیان داوە گەمارۆی سەر تیرۆریستانی داعش لە بەشی باكووری گرتووخانەی غوێران بشكێنن".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە دەشڵێت "هێزەكانمان گەمارۆی سەر تیرۆریستانیان لە بەشی باكووری گرتووخانەی غوێران بەرتەسك كردووەتەوە و لە ئۆپەراسیۆنێكدا 13 تیرۆیستیان كوشتووە و دوانی دیكەیان دەستگیر كردووە".