سەركردایەتی یەکێتی: پشتگیری تەواو لە سەرخستنی کاندیدەکەمان دەکەین کە بەرهەم ساڵحە

23-01-2022 07:55

پەرەگراف

سەرکردایەتی یەکێتی بە فەرمیی بەرھەم ساڵحی وەک تاکە کاندیدی حیزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ناساندو دەڵێت: پارتی تاكڕەوانە هەنگاویناوە و كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشكەشكردووە.

ئەو بڕیارەی یەکێتی لەبارەی کاندیدی سەرۆککۆمار، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی ئەو حیزبەدا درا کە بافڵ تاڵەبانی سەرپەرشتی کردووە، ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە دەڵێت "ئەو قسەوباسانەی کە دەگوترا پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها کێشەی لەگەڵ کاندیدی یەکێتی هەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆر بەو کاندیدە بکرایا پارتیش کاندیدی خۆی دەکشاندەوە دووربوون لە راستییەوە، دەریشكەوت ئەمە تەنیا بۆ چاوبەستەكی بووە و ئامانجی سەرەكی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمارە، دوور لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لە چوارچێوەی رێكکەوتنیان لەگەڵ هەندێک لە لایەنەكانی تری عێراق".

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکێتی

ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٣/١/٢٠٢٢ لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی بەست. كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی عێراق و ئیستیحقاقە دەستوورییەكانی گەلەكەمان لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق.

كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر ئەو پرسە كرد و پێی وابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و رێککەوتنیان لەگەڵ هەنديک لایەنی سیاسی واژۆ کردووە و لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشكەشكردووە.

لەوبارەیەوە هەڤاڵ بافڵ بەووردی رووناكی خستەسەر پێشهاتەكانی ئێستا و جەختیکردەوە کە مادەم لایەنی دیکە، دوور لە پرینسیپی تەوافق کاندیدی خۆیان پێشکەش دەکەن، یەکێتیش مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیە داكۆكی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات. 

هەروەها ئەو قسەوباسانەی کە دەگوترا پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها کێشەی لەگەڵ کاندیدی یەکێتی هەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆر بەوکاندیدە بکرایا پارتیش کاندیدی خۆی دەکشاندەوە دووربوون لە راستییەوە، دەریشكەوت ئەمە تەنیا بۆ چاوبەستەكی بووە و ئامانجی سەرەكی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمارە، دوور لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانو لە چوارچێوەی رێكکەوتنیان لەگەڵ هەندێک لە لایەنەكانی تری عێراق.

ئەنجومەنی سەركردایەتی بەقووڵی بژاردەكانی بەردەم یەكێتی بۆ خاڵە گرنگەکانی بەرنامەی حکومەتی داهاتووی عێراق و پۆستی سەرۆككۆمار تاوتوێ كرد و جەختیکردەوە كە لەم قۆناغەدا پێویستە داكۆكی تەواو لەم ئیستیحقاقەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێت و بپارێزرێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بڕیاریدا کە پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، كە هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە.

هەروەها كۆبوونەوەکە جەختیکردەوە لەسەر یەكدەستی یەكێتی بۆ سەرخستنی ئەركەكانی داهاتوو.