هۆشدارییەكی نوێ لە وەزیری تەندروستی هەرێمەوە دەربارەی مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا

21-03-2020 04:00
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی


پەرەگراف

وەزیری تەندروستی هەرێم هۆشدارییەكی نوێی بڵاوكردەوەو دەڵێت، ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو كۆمەڵگەدایەو لەوە دەرچووە تەنها گەشتیاران‌و ئەوانەی لە كەرەنتینەكانن گومانلێكراو بن، "هەمووتان گومانلێكراون ئەگەر ئاگاداری خۆتان نەبن".

د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەڵێت"هەموو دەزانن دونیا لە ڕەوشی كۆرۆنادا چۆنە، چەند ترسناكییەكی گەورەیە كاتێك لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت، هیوادارین هەمووان پاڵپشت بن بۆئەوەی لە كۆنتڕۆڵ دەرنەچێت".

وەزیری تەندروستیی ئەوەش دەخاتە ڕوو، ئێستا مەترسییەكە ئەوەیە كۆرۆنا ڤایرۆسێكی ناوخۆییەو تەنها ڤایرۆسی گەشتیارو ئەو كەسانە نییە كە لە كەرەنتینەكاندان، "لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوەو ڤایرۆسێكی ناوخۆییەو دەتوانین هەموو كەسێك بە گومانلێكراو دابنێین كاتێك ئاگاداری خۆی نەبێت، تكامان وایە بەریەككەوتن نەبێت‌و هەمووان لە ماڵەوە دابنیشن‌و قەرەباڵغیی نەكەن‌و پابەندی ڕێنماییەكان بن".

"مەترسی‌و ترسناكیی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە كاتێك بڵاوبووەوەو بووە سەدان‌و هەزاران ئەوكات لە دەست دەردەچێت، ئێستا هەرێمی كوردستان لە ژێر كۆنتڕۆڵا كردندایەو تكایە تكایە با ئەم ڕەوشە بپارێزین" وەزیری تەندروستی وادەڵێت.

کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (٤٧) تووشبووە، لەنێویاندا (١) مردن هەیە و (١٣) نەخۆش بەتەواوی چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

پەیامەكەی وەزیری تەندروستی