پێنجەم شەوی شەڕ لە زیندانی غوێران؛ سەدان داعش خۆیان ڕادەستی هەسەدە كرد

25-01-2022 12:00

پەرەگراف

بۆ پێنجەم شەو لە زیندانی غوێران، شەڕ لە نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و تیرۆریستانی داعش بەدەوامە. هەسەدە بەشێك لە زیندانەكەی كۆنترۆڵ كردووەتەوە و سەدان تیرۆریست خۆیان ڕادەست كردووە، بەڵام هێشتا بەشێك لە چەكدارانی داعش بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوە. بەهۆی بوونی هاووڵاتیی مەدەنی و بارمتە، پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.

لە چوارەم ڕۆژی كۆنترۆڵكردنی ناو زیندانی غوێران لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، بەیانیی ئەمڕۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توانییان بچنە ناو بەشێك لە زیندانەكە و ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی دەست پێ‌ بكەن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەڵێت "دوای ئەوەی تیرۆریستان بانگەوازیان بۆ خۆڕادەستكردن كرد، هێزەكانمان یەكێك لە باڵەخانەكانی زیندانی غوێرانیان كۆنترۆڵ كرد و لەو ئۆپەراسیۆنەدا 300 تیرۆریست خۆیان ڕادەست كرد".

هاوكات هەسەدە ڕایدەگەیەنێت كە هێزەكانیان بەردەوامن لە گەڕان و پشكنین لە گەڕەكی غوێران "بۆ دەستگیركردنی ئەو شانە نووستووانەی كە هەوڵیان داوە تیرۆریستانی داعش لە زیندانەكە ئازاد بكەن". لە ڕووبەڕووبوونەوەكانیشدا "هەشت تیرۆریستی زۆر مەترسیدار كوژراون و شەڕڤانێكی هەسەدەیش شەهید بووە".

هەسەدە ئاماژە بەوە دەكات كە هۆكاری سەرەكیی سستیی پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە، بەكارهێنانی هاووڵاتیانی مەدەنییە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە وەكوو قەڵغان، ئەوەش وای كردووە هێزەكانیان بەوپەڕی هۆشداری و وردییەوە بچنە پێشەوە.

هاوكات ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ باس لەوە دەكات كە هێشتا سەدان چەكداری داعش ڕەتیان كردووەتەوە خۆیان ڕادەست بكەن و "بە بڵندگۆ هەڕەشەی كوشتنی 50 پاسەوان و كارمەندی بەبارمتەگیراوی زیندانەكەیان كردووە".

ڕووانگەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵانی زیندانیكراوی داعش لە زیندانەكەدا هەن، هاوكات ڕەخنەی لە بوونی منداڵان لەو زیندانەدا گرتووە و لەو ڕووەشەوە بانگەوازێكی ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی كردووە.

هەر ئەمشەویش ڕووانگەكە ڕایگەیاند كە بەشێكی زۆری ئەو منداڵە زیندانییانەی داعش بۆ زیندانێكی دیكە گوازراونەتەوە.

بەپێی نوێترین ئامار كە ڕووانگەی سووری بڵاوی كردووەتەوە، 102 چەكداری داعش كوژراون، 45 ئەندامی ئاسایش و دژەتیرۆر و پاسەوانی زیندانەكە و هێزەكانی سووریای دیموكراتیش شەهید بوون، هەروەها حەوت هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە.بەڵام بەپێی ئاماری هەسەدە كە دوێنێ‌ بڵاوی كردەوە، "17 شەڕڤانی هەسەدە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و خۆبەخشانی دەزگا خزمەتگوزارییەكان شەهید بوون".

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە ئەمڕۆ بڵاو كراوەتەوە، سوپای ئەمریكا شانبەشانی شەڕڤانانی هەسەدە لە زیندانی غوێران ڕووبەڕووی داعش دەبنەوە.