دادگای فیدراڵی کۆتایی بە مشتومڕەکان ھێنا لەبارەی یاسایی بوونی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی عێراق

25-01-2022 01:43

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی عێراق کۆتایی بە مشتومڕەکان ھێنا لەبارەی یاسایی بوونی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی عێراق کە تێیدا دەستەیسەرۆکایەتی ھەڵبژێردران، دادگاکە تانەکانی ڕەتکردەوەو دەڵێت: دانیشتنەکە پێشێلکاریی دەستوریی تێدا نەکراوە.

ھاوکات دادگای فیدراڵی بڕیاری ھەڵپەساردنی کارەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ھەڵوەشاندەوەو لە ئەمڕۆوە دەتوانن درێژەبە کارەکانیان بدەن.

دادگای باڵای فیدراڵی، 13ی ئەم مانگە بەشێوەیەكی كاتیی كاری دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی دوو سكاڵای یاسایی كە لەسەری تۆمار كرا بوو تا یەكلایی كردنەوەی سكاڵاكان.

دادگاكە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا سكاڵاكانی ڕەتكردەوە كە لەلایەن دوو پەرلەمانتار تۆمار كرابوون بە گومانی "سەرپێچی دەستووریی‌و پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان" لە بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا.

یەكەم دانیشتنی پەرلەمان كە 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، سەدرییەكان‌و سووننەو پارتی دیموكرات‌و چەند لایەنێكی دیكە بەشدارییان تێدا كردو سەرۆك‌و دوو جێگرەكەی سەرۆكی پەرلەمان لە نێوان ئەو سێ لایەنەدا دابەشكرا.

لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بایكۆتیان كردو یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بایكۆتی دەنگدان بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردو لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی هاوهەڵوێست بوو.

ئەو پڕۆسەیە لە دادگای فیدراڵی ڕێكارەكانی ھەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ڕانەگرت كە ئیستا ئەولەویەتی كاری پەرلەمانە، پۆستی سەرۆككۆمار پشكی كوردە، بەڵام كۆدەنگیی لەسەر نییەو پارتی‌و یەكێتی بە دوو كاندیدەوە دەچنە كێبڕكێی بەدەستهێنانی پۆستەكە.