سەدر جەخت لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ‌ مالیكی دەكاتەوە

25-01-2022 05:12

پەرەگراف

موقتەدا سەدر جەخت لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ‌ مالیكی دەكاتەوە و ئاشكرایشی دەكات كە "عامری ڕازی بوو بەبێ مالیكی بەشداری لە حكومەت بكات، بەڵام دوای چەند ڕۆژێك پەشیمان بووەوە". هەروەها دەڵێت "لەناو كورد ‌و سوننە و شیعەیشدا حیزب هەیە لە دەسەڵاتدا ‌و هەیشیانە ئۆپۆزسیۆن دەبێت".

پاش ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بە یاسایی و دەستووری لەقەڵەم دا، لە كاردانەوەیدا موقتەدا سەد، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، وتی "جارێكی تر دادگای عێراقی پاكێتی و سەربەخۆیی و ملكەچنەبوونی بۆ فشارەكان سەلماند".

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا سووربوونی خۆی لەسەر حكومەتی زۆرینە نیشان دا و دەڵێت "بەرەو پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە دەڕۆین و هێشتا دەرگامان واڵایە بۆ ئەوانەی گومانی باشیان پێ دەبەین، هەموان وەك برامان دەمێننەوە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرن یان بایكۆت بكەن.

سەدر لە وتارێكی ڤیدیۆییشدا پەردەی لەسەر هەندێك لایەنی ناكۆكی و دانوستانەكانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵدایەوە و ئاشكرای كرد كە ئەو پێشوەختە داوای لەو لایەنە شیعانە كردووە بچنە نەجەف بۆ دانوستان، بەڵام ڕەتیان كردووەتەوە، هەر بۆیە خۆی چووەتە بەغدا بۆ لایان.

"لە كۆبوونەوەكەی بەغداد، بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیم وت: ئەگەر ئێوە حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دروست دەكەن، من دەبم بە ئۆپۆزسیۆن، ئەوان ڕەتیان كردەوە من ببم بە ئۆپۆزسیۆن‌ و خۆیشیان ئامادە نەبوون ببن بە ئۆپۆزسیۆن، واتە نە من ئۆپۆزسیۆن‌ و نە ئەوان، نە من حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی‌ و نە ئەوان!"، موقتەا سەدر وا دەڵێت.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر باسی لەوەش كرد كە بە هەندێك لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگیی وتووە "دەتوانن بەشداری لە حكومەتی زۆرینەی نیشتمانیدا بكەن". بە ئاشكرایش دەڵێت "ھەندێك لایەنی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە دەرەوەی ھەموو شتێكن و ھیچ نایانگرێتەوە. بە عامری ‌و فالح فەیازم وت: هاوپەیمانێتی لەگەڵ نووری مالیكی ناكەم".

چوارچێوەی هەماهەنگی كە سەركردەكانیان بریتین لە (نووری مالیكی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم)، ئەو لایەنانەی بەشدار لە هەڵبژاردنن كە بە نزیك لە ئێران ناسراون، سەرەتا تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن و دواتریش تانەیان لە شێوازی بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران دا، بەڵام هەوڵەكانیان بێ‌ ئەنجام بوو.

سەدر بانگەشەی ئەوە دەكات كە هەوڵ بۆ چاكسازیی سیاسی دەدات، ئاماژە بەوەش دەكات كە مەرجەعیەتی نەجەف نیگەرانە لە سیاسییەكان ‌و دەرگای خۆی بە ڕوویاندا داخستووە، بۆیە داوای كردووە كە "مەرجەعیەت لە ڕێگەی چاكسازیی سیاسییەوە ڕازی بكرێت".