چوارچێوەی ھەماھەنگی جەخت لە بەشداریكردن لە حكومەت دەكاتەوە و هۆشداری دەداتە سەدر

26-01-2022 03:19

پەرەگراف

چوارچێوەی ھەماھەنگیی "پابەند"ی بە پڕۆژەكەی خۆییەوە ڕادەگەیەنێت كە دەڵێت "بەشداریكردن لە حكوومەتی داھاتووە بۆ خزمەتكردنی وڵات"ـە. سەبارەت بە پەراوێزخستنی نووری مالیكییش، چوارچێوەكە هەڕەشەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكات و ڕوو لە موقتەدا سەدر دەڵێت "خۆیان باجەكەی دەدەن".

چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندروێكدا دەڵێت "ھێشتا ئومێدمان وایە، ھاوبەشەكانمان بەدەم پرۆژەكەمانەوە بێن، ئەگەرنا بە پێچەوانەوە ئەوان باجەكەی دەدەن، بە تایبەتیش كە ئێستا عێراق و ناوچەكە بەرەوڕووی مەترسی و ئاڵنگاریی ئەمنی و ئابووریی بوونەتەوە".

چوارچێوەی ھەماھەنگیی باسی لەوەش كردووە، نابێت لە ھیچ بارودۆخێكدا، پێكھاتەیەك لەسەر حیسابی پێكھاتەیەكی دیكە لاواز بكرێت، چونكە ستەم و شكاندنی دادپەروەرییە و دەبێتە مایەی ناسەقامگیری لە وڵاتدا.

سەبارەت بە "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی"یش كە دروشمی موقتەدا سەدرە، چوارچێوەكە دەڵێت "ئێمە دژ بە بنەمای زۆرینەی نیشتمانی نیین، چونكە ئەوە داواكارییەكی ڕێزلێگراوە و زۆرێك لە ھێزە سیاسییەكان داوای دەكەن".

بەڵام جەخت دەكاتەوە كە "نابێت زۆرینەی نیشتمانی لەسەر حیسابی پەراوێزخستنی لایەنێكی سیاسیی بێت"، كە مەبەست لێی نووری مالیكییە كە لەلایەن سەدرەوە بەشداریپێكردنی لە حكومەت ڕەت كراوەتەوە.

"ئەگەر ھەوڵەكان بۆ لادان و پەراوێزخستنی لایەنێكی سیاسی بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی داھاتوو بەردەوام بێت، ئەوا ئەو لایەنە سیاسییانەی كە لە ھەڵبژاردنەكانی ١٠ی تشرینی یەكەمی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگی زۆریان بەدەست ھێناوە، یان ئۆپۆزسیۆنبوون ھەڵدەبژێرن، یان بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەن"، چوارچێوەی هەماهەنگی وا دەڵێت.

دوێنێ سێشەممە، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ڕایگەیاند كە پێشنیازی بەشداریكردن لە حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی خستووەتە بەردەم لایەنەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، بەڵام بەو مەرجەی سەرۆكی نووری مالیكی، ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دوور بخەنەوە، بەڵام لایەنەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی ئەو پێشنیازەیان ڕەت كردووەتەوە.

موقتەدا سەدر، ھۆكاری بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و داگیركردنی زۆربەی ناوچەكانی باكووری عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە، خستووەتە ئەستۆی نووری مالیكی كە لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو.

* سەدر جەخت لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ‌ مالیكی دەكاتەوە