ئیتاڵیا ڕیكۆردێكی نوێی مردن بە كۆرۆنای تۆمار كرد؛ تەنها ئەمڕۆ 793 كەس مردوون

21-03-2020 09:15


پەرەگراف

كۆرۆنا زۆر بەخراپی لە ئیتاڵیای داوەو تەنها ئەمڕۆ 793 كەس بەو ڤایرۆسە مردوون بەوەش كۆی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 4 هەزارو 825 كەس.

هەرچەندە ئیتاڵیا ڕێوشوێنەكانی تووند كردووە بۆ ڕێگریی لە كۆرۆناو لە سەرتاسەری وڵا چەند ڕۆژێكە قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە، بەڵام بەوپێیەی ئەو وڵاتە درەنگ هەنگاوی نا، نەیتوانیوە بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵ ببێت‌و ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی مردن زیاتر دەبێت.

ئێستا ئیتاڵیا یەكەم وڵاتی دونیایە لە زۆریی ژمارەی مردن بە كۆرۆنا، تەنانەت لە پێش چینەوەیە كە ناوەندی سەرەكیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە، چین لەماوەی 4 مانگی ڕابردوودا 3 هەزار‌و 225 كەسی بە كۆرۆنا مردووە، بەڵام ئیتاڵیا تەنها لە یەك مانگدا 4 هەزارو 825 حاڵەتی مردنی هەبووە.

وڵاتانی ئەوروپا گیرۆدەی ڤایرۆسەكە بوون‌و لە دوای ئیتاڵیا كە تا ئێستا 53 هەزارو 578 تووشبووی هەیە، ئیسپانیا لە پلەی دووەمدایەو زیاتر لە 25 هەزار تووشبووی هەیەو تەنها ئەمڕۆ لەو وڵاتە زیاتر لە 5 هەزار تووشبووی نوێ تۆمار كراوەو 324 كەسیش مردوون بەوەش كۆی ژمارەی مردووان گەیشتووەتە هەزارو 378 كەس.

ئەڵمانیاش لەو وڵاتانەیە كە لە دۆخێكی خراپدایە بەهۆی كۆرۆناوەو سێیەم خراپترین وڵاتی ئەوروپایە، زیاتر لە 24 هەزارو تووشبووی هەیەو 80 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

فەڕەنساو سویسرا‌و بەریتانیاش لەو وڵاتانەی ئەوروپان كە كۆرۆنا زیانی گەورەی گیانیی پێگەیاندوون، ئەو سێ وڵاتە نزیكەی 25 هەزار تووشبووی كۆرۆنایان هەیە‌و وڵاتانی دیكەی سەرتاسەری ئەوروپاش بە ڕێژەی جیاواز تووشبوویان هەیە.