یەكێتی ئاڵا تاڵەبانی دەگەڕێنێتەوە

27-01-2022 05:49

تایبەت بە پەرەگراف

ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی كە بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی لەو حیزبە دەركرا، بە هەوڵی بەرهەم ساڵح دەگەڕێندرێتەوە بۆ ناو یەكێتی‌و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبووەتەوەو نێوانیان ئاسایی بووەتەوە، ئێستا لە بەغداد پێكەوە كار بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵح دەكەن.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی "ئاڵا تاڵەبانی لە ئێستادا بەشێكە لەو تیمەی یەكێتی كە لە ماڵی مام جەلال لە بەغداد كار دەكەن بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی‌و سەرخستنی بەرهەم ساڵح بۆ خولێكی نوێی سەرۆككۆماریی‌و لەگەڵ كاك بافڵ پێكەوە سەردانی لایەنەكان دەكەن"، سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.

سەرچاوەكەی پەرەگراف ئاماژەی بەوەش كرد، "بڕیارە ئاڵا تاڵەبانی بە فەرمیش بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو حیزب، بەڵام هێشتا میكانیزمەكە دیاری نەكراوە".

لە دوای 8ی تەمموزی ساڵی ڕابردوو كە ناكۆكییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیی تەقینەوە، ئاڵا تاڵەبانی لەبەرەی لاهور شێخ جەنگی بوو، بەوهۆیەوە بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی‌و دوو ئەندامی دیكەی سەركردایەتی لە یەكێتی دەركران.

هەوڵەكانی گەڕانەوەی ئاڵا تاڵەبانی زیاتر لە هەفتەیەكە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دەستیان پێ كردووەو گەیشتووەتە ئەنجام، بەوتەی سەرچاوەكانی پەرەگراف "ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار كاریگەرییان لەسەر كێشەو هاوكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هەیە".

پەرەگراف پەیوەندیی بە ئاڵا تاڵەبانییەوە كرد بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

ئاڵا تاڵەبانی كاندید بوو بۆ ئەندامی پەرلەمان لە شاری كەركوك، بەڵام یەكێتی پشتی تێكردو دەرنەچوو، لە بەرامبەردا یەكێتی پشتیوانیی لە دیلان غەفور كرد كە وەك سەربەخۆ خۆی كاندید كردبوو، ناوبراو دەرچوو و ئێستا لە چوارچێوەی فراكسیۆنی یەكێتیدا لە پەرلەمانی عێراق كار دەكات.

پارتی‌و یەكێتی لە ڕكابەرییەكی توونددان لە بەغداد بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، دوای ئەوەی نەیانتوانی ڕێككەون لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە كە پشكی كوردە، پارتی هۆشیار زێباری‌و یەكێتی بەرهەم ساڵحی كاندید كردووە.

ئەمڕۆیش دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی 7-2ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، ڕۆژی 31ی ئەم مانگە ناوی پاڵێوراوان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ڕادەگەیەندرێت ئەوەش دوای وردبینی لە بەڵگەنامەكان و شیاویی كەسەكان.

پارتی لەگەڵ سەدرو سوننەكان ڕێككەوتنی هەیەو لەو چوارچێوەیەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیان لە نێوان خۆیاندا دابەش كردو پارتی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی بەركەوت، یەكێتی بایكۆتی دەنگدان بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردو نزیكە لە چوارچێَوەی هەماهەنگیی كە لایەنە ناڕازییەكانن‌و لە بەرەی بەرامبەر سەدر وەستاونەتەوەو بایكۆتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان كرد.