ئێران دەڵێت: 10 ڕۆژی دیكە چارەسەری كۆرۆنا دەخەنە بازاڕەوە

21-03-2020 11:24


پەرەگراف

لە نوێترین هەوڵەكانی دۆزینەوەی دەرمانی چارەسەر بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا ئێران ڕایگەیاند، چارەسەریان بۆ ئەو ڤایرۆسە دۆزیوەتەوەو لە ماوەی هەفتەیەك تا 10 ڕۆژی دیكە دەیخەنە بازاڕەوە.

لە لایەكی دیكەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان داهێنانێك لەبارەی زوو دەستنیشانكردنی كەسانی تووشبوو بە كۆرۆنا ئەنجام دراو، بەپێی ئەو داهێنانە لە ماوەی تەنها 30 چركەداو بە تێچوویەكی كەم، دەتوانرێت ئەوە دەستنیشان بكرێت كە كەسێك هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە یاخود نا.

داهێنانەكەی ڕۆژئاوای كوردستان

دەستەی تەندروستیی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داهێنانەكەیانی بۆ ڕایگشتی ئاشكرا كرد كە لەگەڵ پەیمانگایەكی سویدیی(PEAS) ئەنجامیان داوەو لەسەدا 85 سەركەوتنی بەدەست هێناوە.

د.جوان مستەفا، هاوسەرۆكی دەستەی تەندروستیی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەوە دەخاتە ڕوو، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قۆناغی یەكەمدا گرنگ زوو دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەیە كە هەڵگری ڤایرۆسەكەن، ئەوانیش لەگەڵ پەیمانگایەكی سویدی كاریان لەسەر ئەوە كردووەو ئەنجامی باشی هەبووە.

هاوسەرۆكی دەستەی تەندروستیی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت، بەرلەوەی كەسەكە كاریگەریی لەسەر دەربكەوێت دەتوانین ئاشكرای بكەین هەڵگری ڤایرۆسەكەیە یاخود نا، خاڵی گرنگیش لێرەدا ئەوەیە لە ماوەیەكی كورتداو تەنها لە 30 چركەدا ئەنجامەكەی دەردەكەوێت‌و دەتوانین دەستنیشانی بكەین، ئەوەش بە تێچوویەكی زۆر كەم لە ڕووی مادییەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو پشكنینانەی تا ئێستا لە وڵاتانی دیكە دەكرێن كاتێكی زۆرتریان پێدەچێت تا ئەنجامەكەی دەردەچێت‌و لە ڕووی مادییشەوە پارەی زیاتری تێدەچێت.

تەندروستیی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەو پشكنینە نوێیەی لەسەر دەیان كەس تاقی كردووەتەوەو پەیمانگا سویدییەكەش گەیاندوویەتی بە شار ووهانی چین‌و لەوێ لە 3 نەخۆشخانە بەكار هاتووە، د.جوان مستەفا دەشڵێت: ئەنجامەكان لای خۆمان نێگەتیڤ دەرچوون‌و كەس هەڵگری ڤایرۆسەكە نەبوو. دوای ئەوەی لە شاری ووهان تاقی كرایەوە دەركەوت لەسەدا 85 سەركەوتوو بووەو ئێمەش ئەوكات ڕامان گەیاند.

پەیمانگای سویدییەكەو تەندروستیی ڕۆژئاوای كوردستان زیاتر لە ساڵێكە كاری هاوبەش ئەنجام دەدەن‌و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستیان كردووە بە پشكنین‌و تاقیكردنەوە لەسەر ئەو ڤایرۆسە، لە داهێنانە نوێیەكەشیاندا لەبارەی دەستنیشانكردنی تووشبووانی كۆرۆنا هیچ ماددەیەكی كیمیاویی بەكار ناهێنن كە زیانی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەبێت.

هاوسەرۆكی دەستەی تەندروستیی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاماژە بەوەش دەكات، ئەوان دەتوانن داهێنانەكەیان بدەن بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و پەیمانگا سویدییەكەش دەیدات بە وڵاتانی ئەوروپاو جیهان، "بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیی نەك كاری بازرگانیی".

ئێران دەڵێت چارەسەریان دۆزیوەتەوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی زیاتری ئاماری تووشبوون‌و مردن بە كۆرۆنا لە ئێران، ناوەندە تەندروستییەكانی ئەو وڵاتە بەردەوامن لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە‌و ئەمڕۆ ڕایانگەیاند كە گەیشتوونەتە ئەنجامی باش‌و گرنگ.

محەمەد ڕەزا شانەساز، سەرۆكی ڕێكخراوی خۆراك و دەرمانی ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی وت، تا 10 ڕۆژی ئایندە دەرمانی ئێرانیی بۆ چارەسەری كۆرۆنا دەخرێتە بازاڕەوە.

دەرمانەكە لە چەند دەرمانێكی دیكە دروست كراوە‌و پێداویستییە سەرەتاییەكانی دوێنێ گەیشتووەتە ئێران، مۆڵەتی دەستپێكردنی پڕۆسەی دروستكردنی دەرمانەكە وەرگیراوەو دەستی پێ كردووە، شانەساز دەڵێت"لە یەك هەفتە بۆ 10 ڕۆژی ئایندە سوود لە دەرمانی ئێرانیی بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا وەردەگیرێت‌و دەخرێتە بازاڕەوەو بە شێوەیەكی بەرفراوان دابەش دەكرێت".

ڤایرۆسی كۆرۆنا ئێرانی ڕوبەڕوی دۆخێكی تەواو ناهەموار كردووەتەوە، ئامارەكانی ڕێژەی مردن‌و تووشبوون لەو وڵاتە ڕۆژانە بەرزتر دەبنەوە.

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) 123 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە لە ئێران مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ ھەزارو 556 كەس، ئەمەش بەپێی دواین ئامار كە وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 966 كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتە 20 ھەزارو 610 كەس، ھەروەھا تائێستا 7 ھەزارو 635 كەس چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.

دۆخی ئێران كاریگەریی لەسەر عێراق‌و كوردستان هەیەو زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی لە كوردستان‌و عێراق تووشی كۆرۆنا بوون یاخود بەو ڤایرۆسە مردوون، لە ئێران گەڕاونەتەوە یاخود بەركەوتنیان هەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێك لەو كەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە خۆیان بە تیمە تەندروستییەكان نە ناساندووە تا كەرەنتینە بكرێن.

ئێران سنورێكی فراوانی لەگەڵ عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیە، لەسەر ئاستی عێراق، سلێمانی فروانترین سنوری وشكانیی لەگەڵ ئێران هەیە، سلێمانی لەسەر ئاستی كوردستان زۆرترین تووشبووی كۆرۆنای هەیە.