بەغدا زەنگی ئاگاداركردنەوەی بڕینی 200 ملیار دینارەكەی لێ‌ دا

28-01-2022 05:12

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیارێك، ناڕاستەوخۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە كە بەر لە مانگی سێ‌ دەبێت لەگەڵ بەغدا وردبینیی لە داتاكانی تایبەت بە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بكات، بە پێچەوانەوە چیتر ئەو 200 ملیار دینارە بۆ هەرێم نانێرێت كە مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران دابینی دەكات.

بەپێی نووسراوێكی فەرمی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێكی دوو خاڵیی پەیسوەت بە بوودجە و داهاتی هەرێم دەركردووە كە لە خاڵی یەكەمدا دەڵێت "وەزارەتی دارایی بڕی 200 ملیار دینار بۆ شایستە دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی كانوونی دووەم (مانگی یەك) خەرج بكات".

خاڵی دووەمی بڕیارەكەش دەڵێت "دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، وردبینی لە داتاكانی تایبەت بە داهاتە بەدەسهاتووە نانەوتییەكان دەكات".

بەپێی بڕیارەكە كە واژووی حەمید نەعیم غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لەسەرە، دەبێت تا "1-3-2022" وردبینی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا بكرێت.

ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە ژمارە 8ی ساڵی 2022ـە، دوای كۆبوونەوەی ژمارە دووی ڕۆژی 11-1-2022ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا دەركراوە.

لەبارەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، خالید هادی چاوشلی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، بە تۆڕیی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە "سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێممان ئاگادار كردووەتەوە كە وەزارەتەكانی سامانە سرووشتییەكان و دارایی ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی بڕگەی (ئەلف)ی مادەی 11ی بوودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2021 جێبەجێ بكەن، لەبارەی كۆی داهاتی نەوت بۆ ساڵی 2021 لەسەر بنەمای بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا".

سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان دەشڵێت "حكومەتی هەرێمی كوردستان سوورە لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی ساڵانی ڕابردوو و ئێستا. هەنگاوی باشمان لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی حكومەتی فیدراڵی ناوە".