ناكۆكییەكانی سەدر و عامری بەرەو بنبەستی سیاسی دەچێت؛ مالیكی لەمپەری بەردەم پێكهێنانی حكومەتە

28-01-2022 10:31

پەرەگراف

موقتەدا سەدر جەخت لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكاتەوە و هادی عامرییش دەڵێت "بەشداریی لە حكوومەتێكدا ناكەین كە مالیكیی تێدا نەبێت".

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە كاردانەوەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی بەغدا لە تویتێكدا وتی "بەرژەوەندییەكانی گەل مەكەنە ئامانج، لەبەر ئەوەی گەل و نیشتمانی هێڵی سوورن".

سەدر بابەتی هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی بەغدای بە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ گرێ‌ داوە و جەخت دەكاتەوە "لەگەڵ هاوبەشەكانمان بەردەوام دەبین لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی".

هەر ئەمڕۆیش، ھادی عامری، سەرۆكی ھاوپەیمانیی فەتح، ڕەخنەی لە هەوڵی پێكھێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی لەلایەن موقتەدا سەدر بە بەشداریی كورد و سوننە و وەلانانی نووری مالیكی گرت وتی "ناتوانین ببینە ھاوبەشی حكومەتێك كە یەكێك لە دۆستە سیاسییە گرنگەكانمان (مالیكی) تێدا وەلا بنرێت. ناتوانین قایل بین بە وەلاوەنانی لایەنێكی گرنگی شیعە".

عامری لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتیشی "پێویستە ھەموو كەسێك واز لە كەللـەرەقی بھێنێت. چونكە پرسەكە بەرەو بنبەستی سیاسی ھەنگاو دەنێت".

لێدوانەكەی هادی عامری لە كاتێكدایە دوو ڕۆژ لەمەوبەر چوارچێوەی ھەماھەنگی "پابەند"ی بە پڕۆژەكەی خۆییەوە ڕادەگەیاند كە دەڵێت "بەشداریكردن لە حكوومەتی داھاتووە بۆ خزمەتكردنی وڵات"ـە. سەبارەت بە پەراوێزخستنی نووری مالیكییش، چوارچێوەكە هەڕەشەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكات و ڕوو لە موقتەدا سەدر وتی "خۆیان باجەكەی دەدەن".

چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندروێكدا وتی "ھێشتا ئومێدمان وایە، ھاوبەشەكانمان بەدەم پرۆژەكەمانەوە بێن، ئەگەرنا بە پێچەوانەوە ئەوان باجەكەی دەدەن، بە تایبەتیش كە ئێستا عێراق و ناوچەكە بەرەوڕووی مەترسی و ئاڵنگاریی ئەمنی و ئابووریی بوونەتەوە".

پێشتریش موقتەدا سەدر جەختی لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ‌ مالیكی كردەوە و ئاشكرای كرد كە "عامری ڕازی بوو بەبێ مالیكی بەشداری لە حكومەت بكات، بەڵام دوای چەند ڕۆژێك پەشیمان بووەوە".

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا سووربوونی خۆی لەسەر حكومەتی زۆرینە نیشان دا و وتی "بەرەو پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە دەڕۆین و هێشتا دەرگامان واڵایە بۆ ئەوانەی گومانی باشیان پێ دەبەین، هەموان وەك برامان دەمێننەوە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرن یان بایكۆت بكەن".

موقتەدا سەدر كە ڕەوتەكەی خاوەنی ٧٣ كورسی پەرلەمانییە، دەیەوێت بە بەشداریی هاوپەیمانیی تەقەدوم كە محەمەد حەلبووسی سەركردایەتیی دەكات، هاوپەیمانیی عەزم كە خەمیس خەنجەر سەركردایەتیی دەكات، هەروەها پارتی دیموكرات و هەر لایەنێك كە بیەوێت بەشدار بێت جگە لە دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی، حكومەتی "زۆرینەی نیشتمانی پێك بهێنێت".

* سەدر جەخت لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ‌ مالیكی دەكاتەوە

*چوارچێوەی ھەماھەنگی جەخت لە بەشداریكردن لە حكومەت دەكاتەوە و هۆشداری دەداتە سەدر