بافڵ تاڵەبانی و شاندی یاوەری گەڕانەوە سلێمانی و سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە

28-01-2022 11:52

تایبەت بە پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی و شاندی یەکێتی ئەمشەو لە بەغداوە گەڕانەوە سلێمانی، بڕیارە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەنجام بدەن کە تێیدا پرسی سەرۆککۆمار و دۆخی ناوخۆو کێشەکانیان تەوەری سەرەکیی دەبێت.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "وەفدی یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی کە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی بۆ بەرھەم ساڵح چووبوونە بەغداد، ئەمشەو گەڕانەوە سلێمانی".

سەرچاوەکە وتیشی "بڕیارە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەنجام بدرێت کە تێیدا پرسی سەرۆککۆمار و دۆخی ناوخۆو کێشەکان تەوەری سەرەکیی دەبێت و ڕەنگە بڕیاری گرنگی تێدا بدرێت".

وەفدەکەی یەکێتی چوار ڕۆژ لە بەغداد مانەوەو کۆبوونەوەیان لەگەڵ چەند لایەنێکی عێراقیی ئەنجام دا تا پشتیوانیی بەرھەم ساڵح بکەن لەھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە ٧-٢ ئەنجام دەدرێت و لە ڕکابەرییەکی توونددایە لەگەڵ ھۆشیار زێباری کاندیدی پارتی کە چەند کاتژمێرێک بەرلە گەیشتنی وەفدەکەی یەکێتی بۆ بەغداد، ئەویش بە سەرۆکایەتی وەفدێکی پارتی چووە بەغدادو دەیەوێت پۆستەکە بۆخۆی مسۆگەر بکات.

پەرەگراف دوێنێ لە زاری بەرپرسانی باڵای یەکێتییەوە ئەوەی ئاشکرا کرد، "ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار كاریگەرییان لەسەر كێشەو هاوكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی ھەبووەو لەو چوارچێوەیەدا ئاڵا تاڵەبانی بە ھەوڵی بەرھەم ساڵح گەڕێندراوەتەوە بۆ ناو یەکێتی و بەشێکە لەو تیمەی یەکێتی کە لە بەغداد کار بۆ سەرخستنی کاندیدەکەیان دەکەن".