نەوەی نوێ مەرجەكانی دەنگدان بە كاندیدی سەرۆككۆماری ئاشكرا كرد

29-01-2022 12:38

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، ڕێككەوتنیان لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێك نییە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار‌و ئامادەن هەموو دەنگ و كورسییەكانیان بدەن بە هەر لایەنێكی دەسەڵات لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، ئەگەر مەرجەكانیان جێبەجێ بكەن كە داواكاریی هاوڵاتییانی هەرێمن.

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا مەرجەكانی خستەڕوو، كە ئەمانەن:

یەكەم: دەستبەجێ هەرزانكردن و ئاساییكردنەوەی نرخی غاز و نەوت و بەنزین و پێداویستییەكانی هاوڵاتییان.

دووەم: دەستبەجێ لابردنی باج و گشت ڕسوماتە حكومییەكان و ڕسوماتی كۆمپانیاكان لەسەر دوكاندار و هاوڵاتییان.

سێیەم: دەستبەجێ كردنەوەی ژمارەی بانكی بۆ مووچەخۆران و گەڕانەوەی بڕێك لە موچە پاشەكەوتكراوەكان مانگانە بۆسەر ئەو ژمارە بانكییە.

چوارەم: دەستبەجێ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران.

پێنجەم: بەڵێندان بە جێگیركردنی بابەتی گەڕاندنەوەی كەركوك‌و ئاسایی كردنەوەی دۆخی شارەكەو ناوچە دابڕاوەكان‌و هاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگەو خانەنشینان بە عێراق‌و جێگیركردنی لە بەرنامەی حكومەتی عێراقدا.

شەشەم: دەستكردن بە دابەشكردنی دەرماڵە بۆ خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان.

حەوتەم: دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست‌و فەرمانبەرانی خۆبەخش‌و كردنیان بە هەمیشەیی‌و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ‌و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی دانەمەزراو.

هەشتەم: پێدانی موچەی خانەنشینان لە ڕێگەی كارتی بانكییەوە و دانانی ئامێری پارە ڕاكێشان(ATM) لە تەواوی شارو شارۆچكەكان بۆ ئەوەی نەوەستن بۆ وەرگرتنی موچەكانیان.

نۆیەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستان لەكاتی خۆیداو لە ئەمساڵدا.

دەیەم: هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیاران بەجۆرێك ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بێ لایەن بن.

شاسوار عەبدولواحید، ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو لایەنی پارتی‌و یەكێتی داوایان لە جوڵانەوەكەیان كردووە كە دەنگ بدەن بە كانیدەكانیان، وتی "بەڵام ئێمە بە ئاشكرا وەڵامیان دەدەینەوە و پێیان دەڵێین ئەگەر وەڵامی داواكارییەكانمان بدەنەوە كە داواكاری خەڵكن ئێمە دەنگ بە كاندیدەكانیان دەدەین".

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، باسی لەوەش كرد، دانانی كاندید لەلایەن ئەوانەوە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار بۆ ئەوەیە كە بیسەلمێنن تەنها یەكێتی و پارتی نوێنەریان نییە بۆ ئەو پۆستەو تەنها ئەوان نوێنەرایەتی دەنگی خەڵكی هەرێمی كوردستان ناكەن.

تەئكیدیشی كردەوە، ھەر لە ئۆپۆزسیۆندا دەمێننەوە و بەشدارنابن لە حكومەتی عێراق.