پەیامی ئێران چییە؟ سەرکردایەتی یەکێتی بە بەشداریی بەرھەم ساڵح کۆدەبێتەوە

30-01-2022 11:35

پەرەگراف

سەرکردایەتی یەکێتی بە بەشداریی بەرھەم ساڵح لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوەو تاوتوێی دواین ھەنگاو و گفتوگۆی ئەو حیزبە دەکرێت لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەسەر ئەو پرسە.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "سبەینێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە بەشداریی د.بەرھەم کۆدەبێتەوەو تاوتوێی پرسی سەرۆککۆمار و دواین ھەنگاوەکان دەکرێت بۆ بەدەستھێنانی پۆستەکەو چۆنیەتی کارکردن و چڕکردنەوەی ھەوڵەکان لە ڕۆژانی داھاتوودا".

سەرچاوەکەی پەرەگراف ڕەتی کردەوە ھیچ دەستپێشخەریی و بەرنامەیەک ھەبێت لەبارەی "کشانەوەی کاندیدی یەکێتی یاخود کاندیدانی پارتی و یەکێتی پێکەوە و ڕێککەوتن لەسەر کەسێکی دیکە".

لەبارەی پەیامی ئێران و سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی بۆ عێراق، سەرچاوەکە وتی "ئێران پەیامی تووندی بە لایەنە عێراقییەکان داوە کە حکومەت بەبێ چوارچێوەی ھەماھەنگیی پێک نەیەت، لەبارەی سەرۆککۆماریش پشتیوانیی کاندیدی یەکێتی دەکات بەڵام ھیچ دەستپێشخەرییەکی نییە لەوبارەیەوە".

ئەوە لەکاتێکدایە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، سەردانی عێراق و کوردستانی کردو لەگەڵ لایەنەعێراقی و کوردییەکان کۆبووەوە.

٧-٢ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام دەدرێت، پارتی و یەکێتی لە ڕکابەرییەکی توونددان بۆ بەدەستھێنانی پۆستەکە، پارتی بۆ ھۆشیار زێباری و یەکێتی بۆ بەرھەم ساڵح.