سەرکردایەتییەکی یەکێتی بۆ پەرەگراف: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا تەئکید کرایەوە بەرھەم ساڵح تاکە کاندیدمانە

31-01-2022 08:41

پەرەگراف

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی و بە بەشداریی بەرھەم ساڵح کۆتایی ھات، تێیدا چەند ڕەخنەیەک لە بەرھەم ساڵح گیراو تەئکید کرایەوە تاکە کاندیدی ئەو حیزبەیە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی و بەشدار لە کۆبوونەوەکە بۆ پەرەگراف وتی "چەند ڕەخنەو گلەییەک ڕوبەڕوی د. بەرھەم کرایەوە کە لەم خولەی سەرۆکایەتیدا وەک یەکێتیی دەرنەکەوتووەو خۆیشی پابەندی کۆبوونەوە حیزبییەکان نەبووەو خزمەتی یەکێتی نەکردووە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی کە داوای کرد ناوی نەھێنرێت لەبەرئەوەی ڕێگەپێدراو نییە لێدوان بدات، وتیشی "سەرباری ڕەخنەکان کۆبوونەوەکە تەئکیدی کردەوە بەرھەم ساڵح تاکە کاندیدمانەو داوای لێ کرا زیاتر یەکێتییانە دەربکەوێت و خزمەت بکات".

لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکان و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، ئەو سەرکردایەتییەی یەکێتی وتی "لەکۆبوونەوەکەدا ئەندامانی شاندی یەکێتی کە سەردانی بەغدایان کردبوو گەشبین بوون بەوەی چانسی دەرچوونی کاک بەرھەم بەھێزەو گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بە ئیجابی باس کران، بەڵام لەگەڵ پارتی ھیچ گفتوگۆو نزیکبوونەوەیەک نییە لەسەر ئەو پرسە".

٧-٢ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام دەدرێت، پارتی و یەکێتی لە ڕکابەرییەکی توونددان بۆ بەدەستھێنانی پۆستەکە، پارتی بۆ ھۆشیار زێباری و یەکێتی بۆ بەرھەم ساڵح.