بارزانی گرێکوێرەکە دەکاتەوە؟

31-01-2022 10:21

پەرەگراف

مەسعود بارزانی لەسەر داوای ئێران دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاند بۆ چارەسەری دۆخی عێراق کە ئامانج لێی کردنەوەی دەرگایەکە لای سەدرەوە بە ڕووی نوری مالیکی دا.

موقتەدا سەدر کە بە ٧٣ کورسیی پەرلەمان براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە، ھەر لە سەرەتاوە دروشمی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەرزکردووەتەوەو ڤیتۆی لەسەر بەشداریی نوری مالیکی ھەیە لە حکومەتدا.

مالیکی بەشێکی سەرەکییە لە لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە دۆڕاوی ھەڵبژاردنن و نزیکن لە ئێران، ئێران دەیەوێت سەرجەمیان بە مالیکیشەوە بەشداربن لە حکومەت بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە بارزانی کردووە ھەوڵێک لەگەڵ سەدردا بدات.

سەرچاوەیەکی باڵای کورد کە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکەو پەیامی ئێرانە، بۆ پەرەگراف وتی "ئێران دەیەوێت ئەو لایەنانەی گروپی چەکداری حەشدی شەعبییان ھەیە پێکەوە یەکگرتووبن و بەشێکی ئەساسیی حکومەت بن، بۆ ئەوەش فشاری زۆر دەکات و ھۆشداریی لە دروستبوونی شەڕو ئاڵۆزیی دەدات ئەگەر ئەو لایەنانە وەلابنرێن".

مەسعود بارزانی بۆ چارەسەری ئەو دۆخە، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دەستپێشخەرییەکی سیاسیی دەخاتەڕوو، بۆ ئەو مەبەستە نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبوسیی ناردە لای موقتەدا سەدر.

بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە ئەنجامی ئیجابی هەبێت و لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدابێت".

وردەکاریی و ئەنجامی کۆبوونەوەکە بەتایبەت پەیوەست بە بەشداریی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی ئاشکرا نەکرا.

بەڵام دوای کۆبوونەوەکە، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە تویتێکدا وتی "تیرۆر و توندووتیژی دژی گەل و هاوبەشانمان ڕاگرن. ئێمە هێشتا لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیین و پێشوازی لە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانی دەکەین".

ھاوکات محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، چەند خولەکێک دوای گەیشتنە نەجەف، لە تویتێکدا وتی "سەردەمی دەستێوەردانی دەرەكی لە پێكهێنانی حكومەتەكانی عێراقدا كۆتایی هات. شاخ و بیابان بەرەو نەجەف دەجوڵێن بۆ گفتوگۆی حکومەتێکی نیشتمانیی. نە ڕۆژھەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی".

بەپێی ئەو تویتانەو سووربوونی سەدر لەسەر حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، تائێستا ئاسۆی کردنەوەی دەرگا بەڕووی مالیکی دا دیارنییەو پێناچێت ئەو دەرگایە بکرێتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە ھادی عامری، سەرۆكی ھاوپەیمانیی فەتح، سێ ڕۆژ پێش ئێستا ڕەخنەی لە هەوڵی پێكھێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی لەلایەن موقتەدا سەدر بە بەشداریی كورد و سوننە و وەلانانی نووری مالیكی گرت.

عامری بە ڕۆژنامەنووسانی وت "ناتوانین ببینە ھاوبەشی حكومەتێك كە یەكێك لە دۆستە سیاسییە گرنگەكانمان (مالیكی) تێدا وەلا بنرێت. ناتوانین قایل بین بە وەلانانی لایەنێكی گرنگی شیعە".

وتیشی "پێویستە ھەموو كەسێك واز لە كەللـەرەقی بھێنێت. چونكە پرسەكە بەرەو بنبەستی سیاسی ھەنگاو دەنێت".