بەرھەم ساڵح: چاوەڕوانی ئەوەم شەرەفی بەرپرسیارێتیم پێ ببەخشنەوە

01-02-2022 04:30

پەرەگراف

بەرھەم ساڵح داوا لە پەرلەمانتاران دەکات، متمانەی پێ ببەخشنەوە تا وەک سەرۆککۆمار لە ئەرکەکانی بەردەوام بێت.

سەرۆککۆماری عێراق لە وتارێکی ڤیدیۆییدا، وتی "ڕێگە بە هیچ گوشارێك نادەم سووکایەتی بکات بە پۆستی سەرۆککۆمار، ڕاستگۆ بووم لەگەڵ خۆم و  عێراقییەکان، چاوەڕوانی ئەوەم شەرەفی بەرپرسیاریەتییم پێ ببەخشنەوە".

بەرھەم ساڵح وتیشی، سەرۆککۆمار دەبێت سیمبولی یەکڕیزی و یەکێتی و سەروەریی وڵات بێت، هەروەها پارێزەری دەستوور بێت، لەهەمانکاتدا سەرۆکێک بیت بۆ هەموو عێراقییەکان.

پارتی و یەکێتی لە ململانێی توونددان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، دوێنێش سەرکردایەتی یەکێتی ئەو پرسەی تاوتوێ کرد، ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حیزبە دوای کۆبوونەوەکە بە پەرەگرافی وت "لەکۆبوونەوەکەدا ئەندامانی شاندی یەکێتی کە سەردانی بەغدایان کردبوو گەشبین بوون بەوەی چانسی دەرچوونی کاک بەرھەم بەھێزەو گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بە ئیجابی باس کران، بەڵام لەگەڵ پارتی ھیچ گفتوگۆو نزیکبوونەوەیەک نییە لەسەر ئەو پرسە".

بەڵام ئەمڕۆ مەسعود حەیدەر ڕاوێژکاری مەسعود بارزانی و ئەندامی شاندی پارتی لە بەغداد، بە ڕووداوی وت "کاک هۆشیار زێباری وەکوکاندیدی کورد دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق و کاندیدی زۆرینەی نیشتمانییە و بەرهەم ساڵح و کاندیدەکانی تر هیچ چانسێکیان نییە بۆدەرچوون".

٧-٢ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام دەدرێت، پارتی و یەکێتی لە ڕکابەرییەکی توونددان بۆ بەدەستھێنانی پۆستەکە، پارتی بۆ ھۆشیار زێباری و یەکێتی بۆ بەرھەم ساڵح.