هێزی پاراستنی جەوهەریی كەمپی مەخموور: دوو شەهید و دەیان بریندار هەن

02-02-2022 02:16
مەراسیمی بردنی تەرمی شەهیدەكان بۆ گۆڕستان. وێنە: ڕۆژنیووز

پەرەگراف

هێزی پاراستنی جەوهەریی كەمپی مەخموور شەهیدبوونی "دوو ئەندام"ی هێزەكەی و برینداربوونی "دەیان" هاووڵاتیی لە هێرشەكەی شەو ڕابردووی فڕۆكەكانی توركیا ڕاگەیاند.

هێزی پاراستنی جەوهەریی كەمپی مەخموور كە لە دانیشتوانی كەمپەكە بۆ پاراستنی پێكهاتووە، ڕاگەیەنەدراوێكی سەبارەت بە بۆردوومانەكەی شەوی ڕابردوو بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت "بەمدواییانە دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ پەردەپۆشكردنی شكستەكانی بەرامبەر گەریلا، بەشێوەیەكی نامەردانە و بێ ئەخلاقانە هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانی مەخموور، شەنگال و ڕۆژئاوای كوردستان".

هێزی پاراستنی جەوهەری دەڵێت "لە هێرشەكەی شەوی ڕابردوودا دوو ئەندامی هێزی پاراستنی جەوهەری شەهید بوون، خەڵكی مەدەنییش كە ویستوویانە بەدەم خزمەكانیانەوە بچن، بوونە ئامانجی هێرشەكە، بەوهۆیەشەوە بە دەیان هاووڵاتیی كامپەكە بریندار بوون".

هێزەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە "لە ئێستادا دۆخی بریندارەكان لەژێر كۆنترۆڵدایە و چارەسەری پزیشكیی وەردەگرن". ئاماژەی بەوەش كردووە كە لە داهاتوودا زانیاری لەبارەی ناسنامەی شەهیدەكانیانەوە بڵاو دەكەنەوە.

هێزی پاراستنی كەمپی مەخموور جەخت دەكاتەوە كە “لەسەر بنەمای ئەو میراتەی كە شەهیدەكانمان بۆیان جێهێشتووین، بەرخۆدانەكەمان گەورەتر دەكەین".

داواش لە هەر چوار پارچەی كوردستان و "گەلانی ئازادیخوازی جیهان" دەكات‌، هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر "هێرشەكانی دەوڵەتی فاشیستی تورك و بڕژێنە مەیدانەكان".

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆیش تەرمی شەهیدەكان بە ئاپۆڕایەكی جەماوەی لەلایەن دانیشتوانی گوندەكەوە بۆ گۆڕستان بران.