لە ئیتاڵیا 651 كەس‌و لە ئیسپانیا 394 كەسی دیكە بە كۆرۆنا مردن

22-03-2020 08:26


پەرەگراف

تادێت ژمارەی مردن بە كۆرۆنا لە وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئیتاڵیاو ئیسپانیا بەرزدەبێتەوە، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 651 كەسی دیكە لە ئیتاڵیاو 394 لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە.

ئیتاڵیا خراپترین وڵاتی ئەوروپایەو دووەم خراپترینی جیهانە لە دوای چین، بە ئامارەكەی ئەمڕۆوە تائێستا 5 هەزارو 476 كەس لە ئیتاڵیا بە كۆرۆنا مردوون، ژمارەی تووشبووانیش بۆ بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 59 هەزار دوای ئەوەی لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا نزیكەی 4 هەزار حاڵەتی نوێ تۆمار كراون.

كۆرۆنا لە ئیسپانیاش بە خێرایی تەشەنە دەكات‌و ئەمڕۆ حكومەت داوای درێژكردنەوەی ماوەی باری نائاسایی كرد بۆ دوو هەفتەی دیكە، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە ئیسپانیا 394 حاڵەتی نوێی مردن هەبووەو كۆی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەزارو 720 كەس.

ژمارەی تووشبووانیش لە ئیسپانیا بەرزبووەوە بۆ 28 هەزارو 572 كەس، دوای ئەوەی لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 3 هەزارو 646 حاڵەتی نوێ تۆمار كراوە.