كونسوڵخانەی وڵاتان دژی كوشتنی گەنجەكەی دهۆك هاتوونەتە دەنگ؛ ئەمریكا: بكوژەكەی ئەوپەڕی سزا بدرێت

03-02-2022 11:23

پەرەگراف

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر "ئیدانە"ی كوشتنی گەنجەكەی دهۆك دەكات و داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەكات كە "ئەنجامدەرەكەی ڕووبەڕووی ئەوپەڕی سزای یاسایی بكەنەوە".

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە نیگەرانییەوە ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتە هەواڵییانەیە تیایاندا باس لە (دۆسكی ئازاد)ی دانیشتووی شاری دهۆك دەكەن وەك قوربانیی دەستی مومارەسەی بەدناوی كوشتن لەژێر پاساوی "شەرەف"دا".

"بە ڕوون و ئاشكرا ئیدانەی ئەم توندوتیژیە دەكەین و ئەو جیاكاریكردنەش كە لە ڕیشەی ئەم تاوانەدایە"، كونسوڵخانەكە وا دەڵێت.

كونسوڵخانەی ئەمریكا داوا لە لایەنە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات كە "لێكۆڵینەوەی تەواو لەم كوشتنە بكەن و ئەنجامدەرەكەی ڕووبەڕووی ئەوپەڕی سزای یاسایی بكەنەوە".

پێشتریش كونسوڵخانەكانی فەرەنسا و ئەڵمانیا بە یەك دەربڕین كاردانەوەیان بەرانبەر ڕووداوەكەوە نیشان دا. ئۆلیڤیە دیكۆتیگنس، كۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر و كۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا وتیان "نابێت دەست بۆ شكۆی مرۆڤ ببرێت".

ڕۆژی 31-1-2022 پۆلیسی دهۆك ڕایگەیاند "دوای ئاگاداركردنەوە لە تاوانێكی كوشتن، لە دەوروبەری گوندی بابوخكێ سەر بە ناحیەی مانگێش، ئەفسەر و كارمەندانی نووسینگەی تاوان، تەرمی كەسێكی تەمەن ٢٣ ساڵ بە ناوی (د. ئـ)یان دۆزیوەتەوە. دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كە بكوژەكە برای كوژراوەكەیە و لە كوردستان ناژی (پاش گەڕانەوە و كوشتنی براكەی، كوردستانی جێهێشتووە)".

بەڕێوەبەری ناحیەی مانگێش ڕایگەیاند كە بەپێی زانیاریی سەرەتایی، هۆكاری كوشتنی ئەو گەنجە لەلایەن براكەیەوە، ئەوەیە كە ماوەیەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی گۆڕینی ڕەگەزی خۆی بۆ كچ كردووە.