وەزارەتی دارایی بڕی ئەو پاڵپشتییە داراییەی ڕاگەیاند كە دەدرێتە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان

03-02-2022 01:29

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی بڕیاری دا لە چوارچێوەی ئەو پاڵپشتییە داراییەی كە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر خەرجكردنی دابوو، مانگانە 40 هەزار دینار بدات بە خوێندكارانی ناوەوەی شار و 60 هەزار دیناریش بدات بە خوێندكارانی دەرەوەی شاری زانكۆ و پەیمانگاكان.

دەقی بڕیارەكانی وەزارەتی دارایی هەرێم:

1- خەرجكردنی مانگانە (40) هەزار دینار وەك پاڵپشتی بۆ قوتابیان و خوێندكارانی ناوەوەی شار، ئەوانەی لە زانكۆلاین وەرگیراون.

2- خەرجكردنی مانگانە (60) هەزار دینار وەك پاڵپشتی بۆ قوتابیان و خوێندكارانی دەرەوەی شار، ئەوانەی لە زانكۆ لاین وەرگیراون.

3- بڕی گوژمەی ماوە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی بەشەناوخۆییەكان دەبێت، بە مەرجێك لە ڕێگەی سیستەمی نوێی ئۆنلاین (سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی كوردستانKFMS ) پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری/ بەڕێوەبەرایەتیی خەرجییەكان بكرێت.

4- خەرجكردنی بڕەكانی ئاماژەپێكراوی سەرەوە لەسەر بوودجەی ئاسایی زانكۆ و پەیمانگەكان دەبێت لە (التبرعات و الاعلانات).

5- ئەم پاڵپشتییە لە ڕێكەوتی 1-1-2022 بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 خەرج دەكرێت.